ددانە تیژەکانی ورچ و ئەژدیها

چ نهێنییەک لە پشت ئاگربەستێکی دوو هەفتەییەکەی ئەمریكا و ئێراندا هەیە؟

964+

فەرهاد حەسەن

نزیكەی دوو كاتژمێرێكی مابوو مۆڵەتەكەی ئەمریكا بۆ ئێران تەواو بێت، دۆناڵد ترەمپ، لە هەژماری تایبەتی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی “Truth Social” رایگەیاند کە بۆ ماوەی دوو هەفتە ئاگربەست لەگەڵ ئێران رادەگەیەنێت.

وتیشی ” پێشنیارێکی 10 خاڵیم پێگەیشتووە لە ئێرانەوە، پێمانوایە بنەمایە بۆ دانوستانێک کە قابیلی جێبەجێکردن بێت”.

تا ئێرە، ئەمە هەمووی قسەیە، بەڵام ئایا كردارەكە بۆ هاتنەپێشەوە ئەم ئاگربەستە چیی بوو؟

بێگومان رووسیاو چین بوون

ئەم دوو ولاتە فشاریان بۆ ئەم ئاگربەستە دروستكرد و نەیانهێشت ئێرانی دۆستی دێرینیان بكەوێتە بەر شاڵاوی هێرشەكانی ئەمریكا و سەرچاوەكانی وزەی لەدەست بدات.

ئەگەر بیرتان بێت دوو رۆژ لەمەوبەر ئەم دوو وڵاتە لە كۆبوونەوەكەی ئەنجومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی مافی ڤیتۆیان بەكارهێنا بۆ نەكردنەوەی یەكلایەنەی تەنگەی هورمز لەلایەن ئێرانەوە، دیارە هەردوو وڵات بەبێ هۆكار ئەم مافەیان بەكارنەهێنا، بەڵكو پێشتر كار و جموجۆڵیان بۆ كردووە.

ئاژانسی هەواڵی سپۆتینكی رووسی ووردەكاری ئەم جموجۆڵانەی رووسیا و چینی بڵاوكردووەتەوە ، کە بووەتە هۆكارێك بۆ هاتنەپێشەوەی ئەم ئاگربەستە.

بەپێی راپۆرتە هەواڵگرییەكان كە ئەو ئاژانسە رووسییە ئاماژەی پێكردووە، هۆکاری راستەقینەی پاشەکشەی دۆناڵد ترەمپ بە تەنیا بابەتێكی سیاسی نییە، بەڵکو کابووسێکی تەکنیکی و سەربازییە، چونكە بەپێی ئەو راپۆرتانە، سیستەمی بەرگری کەناری رووسی کە بە “باستیۆن” ناسراوە بە نهێنی گەیشتووەتە ئێران، كە هەڵگری مووشەکی “یاخۆنت”ـە، کە بە سیستەمی “پۆلی زیرەک” کار دەکات، ئەم مووشەکانە بە خێراییەک دەڕۆن کە 2.5 جار لە دەنگ خێراترە و کاتی وەڵامدانەوەی کەشتییە جەنگییەکانی ئەمریکاش بۆ کەمتر لە 30 چرکە کەم دەکاتەوە.

شۆکی گەورەتر كە ئەمریكا پێی زانیوە “قەڵغانی چینی”یە کە دەوری تارانی داوە. سیستەمی پێشکەوتووی (HQ-9P) ـی وڵاتی چین گەیشتووەتە ئێران کە راداری  (AESA)ی هەیە، ئەم رادارانە پەیوەست نین بە یەک فریکوێنسییەوە کە بتوانرێت تێکبدرێت، بەڵکو لە چرکەیەکدا هەزاران جار فریکوێنسی دەگۆڕن، ئەمە وای کردووە فڕۆکە پێشکەوتووەکانی ئەمریکا (F-35) بە تەواوی لە ئاسمانی ئێراندا “کوێر” ببن.

ئەمریکا هەمیشە شانازی بە مووشەکەکانیەوە دەکات، بەڵام بەپێی راپۆرتەكە،  ئێستا ئێران بە هاوکاری چین مووشەکی جۆری  (PL-17)ی هەیە کە مەوداکەی 400 کیلۆمەترە و دەتوانێت فڕۆکە گەورەکانی چاودێری ئەمریکا (AWACS) لە مەودایەکی زۆر دوورەوە بخاتە خوارەوە.

هەر بەپێی راپۆرتەكە گەیشتنی فڕۆکەی چینی لە جۆری (KJ-500) بۆ ئاگادارکردنەوەی پێشوەختە، وایکردووە هەموو جوڵەکانی ئەمریکا لە ئاسمانی کەنداودا بۆ سوپای پاسدارانی ئێران ئاشکرا و روون بێت.

پێشتریش پەکین، مۆسکۆ و پیۆنگیانگ پەیامێکی سێقۆڵی روونیان بۆ ترەمپ و راوێژکارەکەی “ستیڤن میڵەر” ناردووە و پێیان راگەیاندووە كە ئیدی سەردەمی جەنگە ئاسانەکان کۆتایی هات و هۆشداریشیان داوەتێ‌ كە “ئێران وەک فەنزوێلا نییە”، بەڵکو رەگەزێکی سەرەکییە لە هاوپەیمانی “برێکس” و رێڕەوی ستراتیژی “باکوور- باشوور”.

ئەمریكا بەهەموو ئەم جموجۆڵانەی سەرەوەی چین و رووسیای بۆ ئێران زانیوە، بەڵام ترەمپ ئەمەی بەهەند وەرنەگرتووە، تا ئەوكاتەی دەزگای هەواڵگری پاكستان تەواوی ئەو وردەكاریانە دەداتە سەرۆك وەزیرانەكەی و ئەویش بەپەلە مەترسییەكان بۆ سەر ئەمریكا لە ناوچەی كەنداو بە سەرۆكی ئەمریكا دەگەیەنێت و وەكو ئەوەی پێی بڵێت “ناردنی سەربازەكانت بۆ ئێران وەكو ئەوەیە بیانخەیتە ناو “گۆشت وردکەرێکی کارۆموگناتیسی و مووشەکی زیرەک” کە ئەوانەش بەزەییان نییە؟ بۆیە پاكستان شەوی رابردوو و بە چەند كاتژمێرێكی كەم لە تەواوبوونی مۆڵەتەكەی ترامپ، بەدوو خاڵ بۆ هەریەك لە ئێران و ئەمریكا، دەستپێشخەری راگرتنی جەنگەكەی كرد و سەرۆكی ئەمریكاش پێی رازی بوو.

كەواتە رووسیا و چین كە هەردووكیان خۆیان بە گەورەتر لە ئەمریكا دەزانن، بە پیشاندانی ددانە تیژەكانی ورچ و ئەژدیهاكەیان زمانی ئاشتیان لەرێگەی هێزەوە پیشانی ئەمریكا دا.

ئێران خاوەنی مەترسیدارترین چەکە بۆ ئەم جەنگەی ئێستای

ئێران خاوەنی مەترسیدارترین چەکە بۆ ئەم جەنگەی ئێستای