داواکاری دیکەشیان هەیە
لە کەلاریش قوتابیان دژی خوێندنی ئۆنلاین دەنگیان هەڵبڕی
964+
میلاد جەلال – گەرمیان
هاوشێوەی زۆربەی ناوچەکانی دیکەی کوردستان، لە کەلاریش بەشێک لە قوتابیان دژی خوێندنی ئۆنلاین گردبوونەوە و داوایان کرد بگەڕێنەوە هۆڵەکانی خوێندن.
ھەڵوێست مەھدی، قوتابی پۆلی 12ـی ئامادەیی بە 964ـی وت،”بەھەموو شێوەیەک دژی خوێندنی ئۆنلاینین، ھەموو خێزانەکان توانای دابینکردنی ئینتەرنێت و مۆبایلیان نیە، خێزان ھەیە چەند قوتابیەکیان ھەیە”.
“تائێستا خۆم نازانم چۆن بە ئۆنلاین بخوێنم، ئەو وانانەی کە دانراون لە سایتەکە ھەمووی ڤیدیۆی کۆنە و ھی سەردەمی کۆرۆنایە، بەڵام ئێستا بەشێک لە مەنھەج و شێوازی وانەکان گۆڕاون”، ھەڵوێست مەھدی وای وت.
حەمزە عەلی یەکێکی دیکە لە قوتابییە ناڕازییەکان وتی، “جگە لە رەتکردنەوەی خوێندنی ئۆنلاین، داوای ئارەزومەندانە ئەژمارکردنی وانەی کوردی و عەرەبی دەکەین، لەگەڵ دواخستنی تاقیکردنەوەی وزاری”.
پێداچوونەوە؛ توانا نەقی