"بارگرانییە لەسەرمان و بۆمان جێبەجێ نابێت"
قوتابیانی شارەزوور و سەیدسادق دژی خوێندنی ئۆنلاین گردبوونەوە
بڕوا مەجید – شۆڕش قادری
بەشێک لە قوتابیانی شارەزوور و سەیدسادق دژی خوێندن بەشێوەی ئۆنلاین گربوونەوە و داوا دەکەن بەزووترین کات بچنەوە ناو پۆلەکانیان.
دیدەم وشیار یەکێک لە قوتابییەکان قسەی بۆ مایکی 964 کردووە و دەڵێت، “خوێندن بە ئۆنلاین بارگرانی لەسەر دروست کردووین و ماڵی واهەیە پارەی کرێ خانوو و کارەبای بۆ نادرێت، چ جای دابینکردنی ئینتەرنێت و مۆبایلی زیرەک”.
ئەو باسی لەوەشکرد، ئەو شێوازە بۆ قوتابیانی گوندەکان زۆر قورسە چونکە، وەزعی کارەبایان زۆر خراپە و ئەستەمە بتوانن ئینتەرنێت و مۆبایل بەکاربهێنن.
لەگەڵ سەرهەڵدانی جەنگی ئێران کە 28.2.2026 دەستیپێکرد، دەرگای قوتابخانە و زانکۆکان لە کوردستان داخرا و هەرچەندە بڕیاربوو دوای پشووەکانی نەورۆز بکرێنەوە، بەڵام بەهۆی پەرەسەندنی ئاڵۆزییەکان و زیادبوونی هێرشە درۆنییەکان بۆ سەر کوردستان، خوێندن کرا بە ئۆنلاین، شەوی رابردوو ئاگربەست بۆ ماوەی دوو هەفتە راگەیەنرا بەڵام تا ئێستا نە وەزارەتی خوێندنی باڵا و نە وەزارەتی پەروەردەی هەرێم کوردستان هیچ شتێکیان لەسەر دەستپێکردنەوەی دەوام بڵاونەکردووەتەوە.
پێداچوونەوە؛ شۆڕش قادری