"لە بازگەکان زۆر ماتڵ دەبین و بەرهەمەکانمان خراپ دەبن"
جوتیارانی چەند گوندێک لە سنووری پردێ گردبوونەوە
کاروان ساڵحی – کەرکوک
جوتیارانی گوندەکانی ناوچەی ساڵەیی لە سنووری ناحیەی پردێ بەرهەمی خەیاریان پێگەیشتووە، بەڵام لە بازگەی دارەمان بەئاسانی رێگەیان پێ نادرێت رەوانەی عەلوە و بازاڕەکانی کەرکوک بکرێت و دەبێت ماوەیەکی زۆر لەسەرەدا بمێننەوە، ئەوەش وایکرد ئەمڕۆ لەناو گوندی سەربیر گردببنەوە.
محەمەد ئاغا جوتیارێکی ناوچەی ساڵەییە، ئەو بە 964ـی وت، “وەک جوتیارانی ناوچەی ساڵەیی لە گوندەکانی سەربیر و گەڵۆزی و قەرەسالم و یارمجە بەرهەمەکانمان پێگەیشتووە، تەنیا پێنج کیلۆمەتر لە بازگەکەوە دوورین، نووسراوی فەرمانگەی کشتوکاڵی پردێمان هەیە، بۆ ئەوەی لە ماوەی سێ رۆژدا بەرهەمەکانمان بڕنینەوە و بیبەین بۆ عەلوە بەڵام فریاناکەوین، چونکە لە بازگەکەکان حیسابی رسقی تورکی و ئێرانی بۆ بەرهەمەکەمان دەکرێت و دەبێ لەسەرەدا بوەستین”.
“دەبێت لەگەڵ هەموو ئەو بارهەڵگرەکانی دێنە بازگەکە لە سەرەدا بوەستین و جاری واهەیە 10 بۆ 18 کاتژمێر دەمێنینەوە، ئەوەش دەبێتەهۆی خراپبوونی بەرهەمەکانمان”، محەمەد ئاغا وای وت.
ئەو جوتیارانە داوا دەکەن ئاسانکارییان بۆ بکرێت و رێگەیەکی جیاوازیان لە بازگەکەکان بۆ بکرێتەوە بۆ ئەوەی ئەوەندە ماتڵ نەبن و پێش ئەوەی بەرهەمە کشتوکاڵییەکانیان خراپ ببێت، بیانگەیەننە عەلوە و بازاڕ.
پێداچوونەوە؛ شۆڕش قادری