کۆی گشتی بووە 82000 کەس

سەرۆکی دەسەلاتی دادوەری ئێران: 22000 کەسمان ئازاد کردووە

964+

فەرمان سادق

دەسەڵاتی دادوەری ئێران ئازادکردنی 22 هەزار خۆپیشاندەری راگەیاند، بەمەش کۆی گشتی ئازادکراوان ژمارەیان گەیشتە 82 هەزار کەس.

غولام موحسین  موحسینی ئیژەیی، سەرۆکی دەسەڵاتی دادوەری ئێران ئاشکرای دەکات کە بڕیاری لێخۆشبوونە بۆ 22 هەزار کەس دەرکردووە کە بەهۆی بەشداریکردنیانەوە لە خۆپیشاندانەکانی دژ بە حکومەتدا دەستبەسەر کرابوون.

ئەو بڕیارە لە کاتێکدایە بەپێی میدیا ئێرانییەکان بێت ئەوا ئایەتوڵا عەلی خامنەئی، رابەری باڵای ئێران لیخۆشبوونی بۆ “دەیان هەزار” زیندانی دەرکردووە، بەوانەی لە خۆپیشاندانەکانیشدا دەستگیرکرابوون.

سەرۆکی دەسەڵاتی دادوەری ئێران قسەی بۆ ئاژانسی رۆیتەرز کردووە و دەڵێت: بەو 22 هەزارە تاوەکو ئێستا 82 هەزار کەس لێخۆشبوونیان بۆ دەرچووە.

دوای گیانلەدەستدانی ژینا ئەمینی، ئێران رووبەڕووی خۆپیشاندانێکی سەرتاسەری بووەتەوە و ئێرانییەکان لە سەرجەم چینەکانی کۆمەڵگەوە بەشدارییان لە خۆپیشاندانەکاندا کرد، دەسەڵاتدارانی ئێرانیش هەزاران کەسییان لە خۆپیشاندەران دەستگیرکرد.