لە خانوویەکی خورماتوو لەبغیان کردووە
دوو کرێکار بەر تەزووی کارەبا کەوتوون و یەکێکیان گیانی سپارد
سیروان خورشید – خورماتوو
ئێوارەی ئەمڕۆ شەممە، لە گەڕەکی عەسکەری خورماتوو دوو کرێکار لە ئەنجامی بەرکەوتنیان بە تەزووی کارەبا لە کاتی لەبغکردنی دیواری ماڵێک، یەکێکیان گیانی لەدەست دا و کرێکارەکەی دیکەش بەسەختی بریندار بووە.
شێروان عەبدولڕەحیم، بەرپرسی راگەیاندنی نەخۆشخانەی گشتی خورماتوو بە 964ـی وت، تەرمی کرێکارێک هێنراوەتە بەشی فریاکەوتن کە بەهۆی بەرکەوتنی تەزووی کارەباوە گیانی لە دەستداوە، کرێکارە بریندارەکەش لە ئێستادا لە بەشی چاودێریە و چارەسەری سەرەتای بۆ کراوە.
ئەو وتی، بەڵام بەهۆی سەختی برینیەوە پاش کەمێکی تر رەوانەی نەخۆشخانەی ئازادی دەکرێ لە کەرکوک.
رووداوەکە لەکاتێکدا بووە، هەردوو کرێکارەکە سەرقاڵی کارکردن بوون لەسەر دیواری خانوویەک و ستوونێکی کارەبایان لێ نزیک بووە و کاتی کارکردندا، یەکێک لە کرێکارەکان سەری بەر یەکێک لەکێبڵی ستونەکان کەوتووە و تووشی لێدانی تەزووی کارەبا بووە.
بە گوێرەی گێڕانەوەکە، لەو کاتەشدا هاوڕێکەی ویستوویەتی دەستبەجێ رزگاری بکات، بەڵام بەهۆی بەهێزی تەزووەکەوە، ئەویش کەوتووەتە بەر تەزووی کارەباکە و بەسەختی بریندار بووە.
هەردوو کرێکارەکە گەنجن و تەمەنیان لە نێوان 20 بۆ 25 ساڵدایە، هەردووکیان ژیانی هاوژینیان پێک نەهێناوە، وە دانیشتووی گوندی “قەرەناز”ن و رۆژانە بۆ کرێکاری روویان لە خورماتوو کردووە.
پێداچوونەوە: ئەحمەد مستەفا