کێشەیان لەگەڵ خوێندنى ئۆنلاین هەیە
قوتابیانى پۆلى 12 گردبوونەوە لە رانیە: داواى کەمکردنەوەى مەنهەج دەکەن
964+
فەرمان مەلا حەسەن- رانیە
ئەمڕۆ ژمارەیەک قوتابى پۆلی 12 لە سنووری ئیدارەی راپەڕین، لە بەردەم بەڕێوەبەرایەتی پەروەردەی رانیە گردبوونەوە، ئەوان دژی خوێندنی ئۆنلاینن و داوای ئاسانکاری دەکەن.
قوتابیان سێ داواکارى سەرەکیان هەیە کە ئەمانەن:
1. کەمکردنەوەی پڕۆگرامی خوێندن.
2. رەتکردنەوەی سیستەمی خوێندنی ئۆنلاین.
3. درێژکردنەوەی کاتی خوێندن و ئامادەکاری بۆ تاقیکردنەوەکان.
گۆڤار ئەحمەد یەکێک لە قوتابیانى پۆلى 12 بە 964ـى وت،”پێمانوایە ئۆنلاین سوودی نییە، داوا دەکەین پڕۆگرام کەم بکرێتەوە و کاتی خوێندنیش درێژ بکرێتەوە.”
بەوتەى شاهین ئەبوبەکر کە یەکێکى ترە لە قوتابیان، ئەوان لە دۆخى شارەکانى دیکە و بەتایبەت هەولێر تێدەگەن، بەڵام وەک دەڵێت: لێرە کەشوهەوا بۆ خوێندن گونجاوە و دەمانەوێت لە ناو پۆلەکان بین.
لاى خۆیەوە، ئومێد تۆفیق، بەڕێوەبەری پەروەردەی رانیە بە 964ـی راگەیاند: “داواکاریی قوتابیانمان پێگەیشتووە و بۆ وەزارەتی پەروەردەی بەرز دەکەینەوە، بەڵام جارێ نازانین وەڵامی وەزارەت چۆن دەبێت.”
پێداچوونەوە: وریا فەتاح