کچە کوردێک بووە پاڵەوانی جیهان لە یاری هێزی لەش

964+
مەجید بتوێنی – رانیە

کچە یاریزانێکی رانیەیی دەبێتە پاڵەوانی جیهان بۆ هێزی لەش.

پاڵەوانیەتییەکە لە وڵاتی میسر بە بەشداری 57 وڵات بەڕێوەچوو، تیایدا کچە یاریزانێکی رانیە توانی خەڵاتی ئاڵتونی بەدەستبهێنێت.

دڵخۆش عەبدوڵا، ئەو یاریزانەیە کە بووەتە پاڵەوانی جیهان کە لە پاڵەوانیەتییەکە نوێنەرایەتی عێراق و هەرێمی کوردستانی کردووە.

دڵخۆش عەبدوڵا، یاریزانی هەڵبژاردەی هێزی لەشی عێراق و کوردستان لە رێگەی تەلەفۆنەوە قسەی بۆ 964 کردووە و باس لەوە دەکات کە بووەتە پاڵەوانی هێزی لەش – powerlifting بۆ هەرسێ ئاستی دێیت لیفت، سکوەیت، بینچ پرێسس.

دڵخۆش عەبدوڵا دەڵێت: ئەم ئەنجامە زۆر دڵخۆشی کردووە وەک کوردێک شانازی بە خۆیەوە دەکات کە لەسەر ئاستی دەیان وڵاتانی جیهان پلەی یەکەمی بەدەستهێناوە.

دڵخۆش کە ئەمشەو گەیشتەوە بەغدا، بڕیارە دوو رۆژی دیکە بگاتەوە زێدی خۆی کە رانیەیە.

ئەو یاریزانە کوردە پێشتریش لەسەر ئاستی کوردستان و عێراق بەشداری چەندین پاڵەوانێتی جیاجیای کردووە، هەروەها لەسەر ئاستی جیهانیش توانیویەتی چەند خەڵاتێک بەدەست بهێنێت.

لەماوەی رابردوودا بووەتە پاڵەوانی هێزی لەشی ئاسیا و لەسەر ئاستی جیهانیش پلەی سێهەمی بەدەستهێناوە.

ساڵی پاریش، دڵخۆش لە پاڵەوانیەتی هێزی لەش وەک بەهێزترین خانمی عێراق دیاریکرا و بووە یەکەمی یەکەمەکان لەسەر ئاستی عێراق، هەر ئەو خەڵاتە بوو بەربژێری کرد بۆ ئەوەی نوێنەرایەتی عێراق بکات لە پاڵەوانیەتییە جیهانییەکان.

پێداچوونەوە: فەرمان سادق