پیاوێک 300 لەفەى خواردووە
“پارەتان بیر نەچێت قەبر قوڵە”؛ لەفەکەى مامە هیوا فرێش و خۆماڵییە
964+
دیلان محەمەدجەزا- سلێمانى
تام و چێژی گۆشتی فرێش و خۆماڵی، تێکەڵ بە قسەی خۆش و نوکتە، وایکردووە شوێنی کارەکەی “مامە هیوا” ببێتە شوێنێکى قەرەباڵغ بۆ کڕیارەکانی. ئەو پیاوەی 34 ساڵە تەمەنی خۆی بە لەفەفرۆشتن بەخشیوە و تا ئێستاش لەفە بە هەرزانترین نرخ دەداتە دەستی خەڵک.
لە کاتێکدا نرخی گۆشتی سوور لە بازاڕەکاندا بەرزە، مامە هیوا لەفەی گۆشتی خۆماڵی و فرێش تەنیا بە 1250 دینار دەفرۆشێت. ئەو هێندە لە پاکی و خۆماڵیبوونی گۆشتەکەی دڵنیایە، تەحەدا دەکات و دەڵێت: “ئەگەر لە هەموو دنیادا لەفەی گۆشتی فرێش و خۆماڵیتان بە 1250 دینار دەستکەوت، ئەوا یەکجاری واز لەم ئیشە دەهێنم.”
ئەوەی تامەزرۆیی کڕیارەکانی زیاتر کردووە، تەنیا تامی لەفەکانی نییە، بەڵکو ئەو قسە خۆشییەکەیەتى، چونکە لەگەڵ پێدانی هەر لەفەیەکدا بەدەنگێکى بەرزەوە دەڵێت: ها چاوەکەم.. ها برا شیرینیەکەن، ها برا نێرەقەلەکەم!.
بۆ بیرخستنەوەی پارەکەش بە تەنزەوە بە موشتەرییەکانی دەڵێت، “پارەتان بیر نەچێت.. قەبر قووڵە”.
مامە هیوا چیرۆکێکی سەیر بۆ پەیامنێرى 964 دەگێڕێتەوە و دەڵێت: رۆژێک کەسێک هاتە لام و پێی وتم لەلایەن کەسێکی دیکەوە نێردراوم، ئەو کەسە وتوویەتی (ساڵانێک لەمەوبەر 300 لەفەم لای مامە هیوا خواردووە و پارەم پێ نەبووە بیدەم، ئێستا ناردوومی تا پارەی ئەو 300 لەفەیەت بدەمێ). مامە هیواش دەڵێت: گرنگ نییە هەر کەسێکە، گەردنى ئازاد بێت.
ئەو بڕیاریداوە هەر کەسێک بەڕاستی پارەی پێ نەبێت گەردنی ئازاد بێت و با لەفەکەی بخوات، بەڵام وەک خۆی دەڵێت: ئەوەی لە دەستی ئەنقەست و بە فێڵ پارە نەدات، مار بە گەردەنییەوە بدات.”
پێداچوونەوە: وریا فەتاح