چەندیان گەڕاندووەتەوە؟

دەستپاکی؛ پارێزگاریمان لە بردنەدەرەوەی زیاتر لە 837 ترلیۆن دینار کردووە

ئەحمەد مستەفا

دەستپاکی عێراق، 78 مەلەفی وەرگرتنەوەی هەڵاتووان و 56 مەلەفی گەڕاندنەوەی پارەی قاچاغبراوەکانی هەبووە و بەدوای چووە، سەرئەنجام توانیوویەتی، پێنج ترلیۆن و 947 ملیار و 308 ملیۆن و 992 هەزار دینار بۆ عێراق بگەڕێننەوە.

دەستەی دەسپاکی عێراق ئەمڕۆ سێشەممە 31.3.2026، راپۆرتی ساڵانەی خۆی لەبارەی چالاکییەکانی ساڵی 2025 لە بوارەکانی لێکۆڵینەوە، خۆپاراستن، و هۆشیارکردنەوە بڵاوکردەوە.

بەپێی راپۆرتەکە؛ کۆی ئەو پارانەی کە پارێزگارییان لێکراوە گەیشتووەتە، 837 ترلیۆن و 94 ملیار و 441 ملیۆن و 942 هەزار.

ژمارەی هەواڵدانەکان کە وردبینییان بۆ کراوە گەیشتووەتە 37 هەزار و 175 هەواڵدان بە ڕێژەی جێبەجێکردنی 85.64%، لەکاتێکدا 31.355 کەیسی سزایی بە رێژەی 73.23% جێبەجێ کراون.

هەروەک، 14.645 فەرمانی بانگهێشتکردن دەرچوون، لەوانە 18 فەرمان دژی وەزیرەکان و 276 فەرمان دژی خاوەن پلە تایبەتەکان، هەروەها 3.461 فەرمانی دەستگیرکردن دەرچووە، لەوانە 21 فەرمان دژی وەزیرەکان و 118 فەرمان دژی خاوەن پلە تایبەتەکان.

جگە لەمە، 1.950 فەرمانی ڕاگرتن و 215 بڕیاری قەدەغەکردنی گەشتکردن دەرچوون، وە لە پارێزگاکان، 1.555پرۆسەی دەستبەسەرداگرتن ئەنجامدراون و 671 تۆمەتبار دەستگیر کراون.

هەروەها، 2.444 کەیس رەوانەی دادگای تایبەت کراون و 5.676 فەرمانی ڕەوانەکردن دەرچووە، لەوانە 89 فەرمان دژی خاوەن پلە تایبەتەکان بووە، سەبارەت بە پڕۆژە پەککەوتووەکان، 116 پڕۆژە لە 10 پارێزگادا دەستنیشان کراون کە بەهایان زیاتر لە 946 ملیار دینار بووە.