ئاماری حەشدی شەعبی؛
لانیکەم 20 چەکدار کوژراون و 32 ش بریندارن
فەرهاد حەسەن
دەستەی حەشدی شەعبی ئاماری هێرشە هاوبەشەکانی ئەمریکا و سعودیەی بۆ سەر بارەگاکانیان بڵاوکردەوە و دەڵێت، لانیکەم 20 چەکداریان کوژراون و 32 شیان بریندار بوون.
بەپێی راگەیەندراوێکی حەشدی شەعبی کە ئەمڕۆ چوارشەممە 29.7.2026 بڵاویکردووەتەوە، ئەو هێرشانەی کراونەتە سەر بارەگا فەرمییەکانیان، لە چەند پارێزگایەکی عێراق بوونە،لەوانەش بەغدا، واست، نەینەوا، بەسرە، کەرکوک، کەربەلا و دیالە، باس لەوەشدەکات کە هێرشەکان زیانی ماددی جیاوازیان بە بارەگا، ئۆتۆمبێل و کەلوپەلە سەربازییەکانیان گەیاندووە.
لیژنە تایبەتمەندەکانی حەشدی شەعبی بەردەوامن لە کارە مەیدانییەکانیان بۆ خەمڵاندنی زیانەکان و وردبینیکردن لە زانیارییەکان، بۆیە ئەو ئامارەی قوربانیان “ئامارێکی سەرەتاییە” و لەگەڵ بەردەوامیی گەڕان و تەواوبوونی راپۆرتە مەیدانییەکان، ئەگەری بەرزبوونەوەی ژمارەی کوژراو و بریندارەکان هەیە.
پێآتر هەریەک لە ئەمریکا و سعودیە رایانگەیاندبوو، لە وەڵامی هێرشکردنە سەر هێزەکانی ئەمریکا و دامەزراوە نەوتییەکانی سعودیە، گروپە چەکدارەکانی نزیک لە ئێرانیان لە عێراق کردووەتە ئامانج.