بەرپرسانی ئەمریکا وادەڵێن

پنتاگۆن خۆی بۆ ئۆپەراسیۆنی زەمینی چەند هەفتەیی لە ئێران ئامادە دەکات

فەرهاد حەسەن

بەرپرسانی ئەمریکا دەڵێن، وەزارەتی بەرگریی ئەمریکا (پنتاگۆن) خۆی بۆ ئۆپەراسیۆنی زەمینی چەند هەفتەیەک لە ئێران ئامادە دەکات، ئەگەر دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ئەمریکا بڕیاری هێرشه‌كه‌ بدات، ئەوا قۆناغێکی نوێ و مەترسیدارتری شەڕەکە ئاشكرا دەبێت

بەپێی راپۆرتێكی رۆژنامەی (واشنتن پۆست) ئەو بەرپرسانە کە داوایان کردوە ناسنامەکەیان ئاشکرا نەکرێت، روونیانکردوەتەوە، ئەو پلانانە چەند هەفتەیەکە لە کاردان و ئەو ئەرکەش دەتوانێت هێزەکانی ئەمریکا بخاتە بەردەم کۆمەڵێک مەترسی، لەوانەش فڕۆکەی بێفڕۆکەوان و موشەکی ئێرانی، تەقەی زەمینی و بۆمبی چێندراو.

باسیان لەوەکردووە، هێشتا روون نییە کە ئایا ترەمپ بەنیازە هەموو پلانەکانی پنتاگۆن پەسەند بکات یاخود هەندێکیان رەتبكاته‌وه‌، ئەوەش لە کاتێکدایە کە هەندێک ئاماژه‌ هه‌ن باسیان لە نزیکبونەوەی کۆتایی هاتنی شەڕەکە دەکرد، لە کاتێکدا هەندێکیش ئاماژەیان بە فراوانکردنی ئەو شەڕەکە کردووە.

ئەوکاتەی ترەمپ ئامادەیی خۆی بۆ دانوستان بۆ کۆتاییهێنان بە ململانێکان دەربڕی، کارۆلین لیڤیت، وتەبێژی کۆشکی سپی هۆشدارییدا كه‌ سەرۆکی ئەمریکا “ئامادەیە دۆزەخ بەسەر تاراندا بکاته‌وه‌ ئەگەر رژێمی ئێران دەستبەرداری خواستە ئەتۆمییەکەی نەبێت و واز لە هەڕەشەکردن لە ئەمریکا و هاوپەیمانەکانی نەهێنێت”.

سوپای ئەمریکا رۆژی شەممە گەیشتنی کەشتیی هێرشبەری دوورخراوەی یو ئێس ئێس ترابلوسی بۆ رۆژهەڵاتی ناوەڕاست راگەیاند، بەپێی فەرماندەیی ناوەندی ئەمریکا  (CENTCOM)، ئەو کەشتییە سەرکردایەتی گروپێکی نزیکەی 3500 دەریاوان و هێزی دەریایی دەکات.

مارکۆ روبیۆ، وەزیری دەرەوەی ئەمریکا رایگەیاند، ئەمریکا دەتوانێت لە ماوەی دوو هەفتەی داهاتوودا ئامانجەکانی جەنگی خۆی بەدەستبهێنێت بەبێ ئەوەی هێزەکانی لەسەر زەوی جێگیر بکات.