بڕی 100 لیترە

دابەشكردنی نەوتی سپی لە سلێمانی دەستیپێكردەوە

ئەحمەد محەمەد – سلێمانی

ئەمڕۆ شەممە، 28.3.2026 دوای وەستانی بۆ ماوەی زیاتر لە مانگێك، جارێكی دیكە دابەشكردنی نەوتی سپی لە سلێمانی دەستیپێكردەوە و ئەمڕۆ لە مەڵبەندی شەش دابەش دەكرێت.

سەلام عومەر، سەرپەرشتیاری دابەشكردنی نەوت لە بەڕێوەبەرایەتیی نەوت و كانزاكانی سلێمانی بە 964ی وت، ئەمڕۆ دوای زیاتر لە مانگێك لەوەستان،ی بڕێک نەوتی سپیمان بەدەست گەیشتووە و لە مەڵبەندی شەشەوە بە كارتی زیرەک دەست بە دابەشكردنی دەكەینەوە، لەهەفتەی داهاتووشدا نەوتەكە دەگاتە مەڵبەندی حەوت.

وتیشی، بڕی نەوتەكە 100 لیترە بۆ هەرماڵێك، بە بڕی 31 هەزار دینارە و لەلایەن حكومەتی فیدڕاڵییەوە دابین كراوە.

ئاماژەی بەوەش كرد، ئێستا تیمەكانی دابەشكردنی نەوت، لەهەریەك لە گەڕەكەكانی كارێزەوشك، ریعایە و ئاشتی ئامادەن و بۆ هەر ماڵێک بڕی دیاریكراویان پێدەدەن.

لە كۆی 10 مەڵبەندی سلێمانی، تا ئێستا پێنج مەڵبەند نەوتی سپییان وەرگرتووە، لەو بڕەی كە حكومەتی فیدڕاڵیش دیاریكردووە كە زیاترە لە 19 ملیۆن لیتر، تا ئێستا نزیكەی 9 ملیۆن لیتر بەدەست پارێزگای سلێمانی گەیشتووە.

پێداچوونەوە: ئەرسەلان عەبدوڵا