"هیچی لە کیماییەکەی هەڵەبجە کەمتر نییە"

مادەیەکی ژەهراوی لە زەوی جوتیارانی گوندێکی زەڕایەن بڵاوکراوەتەوە

بڕوا مەجید – زەڕایەن

لە سنوری گوندی دەق لە ناحیەی زەڕایەنی سەربە قەزای شارەزوور مادەیەکی ژەهراوی مەترسیدار لەناو زەوی کشتوکاڵی جوتیاران بڵاوکراوەتەوە کە زیانی بۆ ئاژەڵ و مرۆڤەکانیش هەیە.

عوسمان مەحمود یەکێک لە جوتیارانی دەشتی شارەزوور قسەی بۆ مایکی 964 کردووە و دەڵێت، “هەندێک کەس ئەو مادەیەیان بۆ مشک کوشتن لەناو زەوییەکان داناوە، بەڵام زۆر مەترسیدارە و ژەهراوییە و هیچی کەمتر نییە لە کیماییەکەی هەڵەبجە، ئەگەر ئەو ژەهرە حەیوان بیخوا و دوایی سەرببڕدرێت و گۆشتەکەی بخورێت، ئینسان دەکوژێت”.

“هەندێک کەس بە مەبەست و کۆمەڵ بەکۆمەڵ ئەو مادەیەیان لە 400 دۆنم زەوی داناوە، لەگەڵ خوێ تێکەڵیان کردووە، بۆ ئەوەی ئاژەڵەکان بیخۆن”، عوسمان مەحمود وای وات.

ئاماژەی بەوەشکرد، زیاتر لە 100 سەر ئاژەڵی ژەهراوی بوون و خەڵکی دیکەش زەرەرمەند بوون.

بەقسەی ئەو جوتیارە، سەرچاوەی ئاوی خواردنەوەی ئاژەڵەکانیش ئەو مادەیەی تێکراوە و مەوزوعەکە زۆر جددی و مەترسیدارە، بۆیە داوا لە لایەنی پەیوەندیدار دەکەن، هەرچی زووە بێنە خەت.

عوسمان مەحمود ئەوەشی درکاند کە ئەمە سێیەم جارە ئەو مادە ژەهراوییە بڵاودەکرێتەوە، لەگەڵ دوو گوندی دراوسێیان کێشەی زەویوزاریان هەیە، بەڵام ئەوان کێشەکەیان داوە بە یاسا و ناکرێ بەو شێوەیە ژەهرخوارد بکرێن، وەک خۆی دەڵێت.

سەبارەت بەو بابەتە 964 قسەی لەگەڵ سەلام عومەر بەڕێوەبەری ناحیەی زەڕایەن کرد، ئەو وتی، “ئاگادارین کە سکاڵایەکی یاسایی لەسەر ئەو کێشەیە تۆمارکراوە، هێزە ئەمنییەکانمان ئاگادارکردووەتەوە و لە لێکۆڵینەوەداین، تا ئەو کاتەی ئەنجامەکان یەکلایی نەبنەوە، ناتوانین زانیاری زیاتر ئاشکرا بکەین”.

پێداچوونەوە؛ شۆڕش قادری