شانەی ئەمنیی عێراق:

“هێزە ئەمنییەکان لە قائیم ناکشێنەوە”

ئەرسەلان عەبدوڵا

راگەیاندنی شانەی ئەمنیی عێراق ئەمڕۆ سێشەممە ئەو هەواڵانەی رەتکردەوە، کە باس لە کشانەوەی هێزە ئەمنییەکان لە بازگەکانی قائیم دەکەن.

سەرۆکی شانەکە لیوا سەعد مەعن، لە راگەیاندراوێکدا دەڵێت، “لە ماوەی رابردوودا هەواڵ لە سۆشیال میدیادا بڵاوبووەتەوە، کە بانگەشەی کشانەوەی هێزە ئەمنییەکان لە بازگەکانی قائیم دەکەن، بەڵام پشتڕاستی دەکەینەوە ئەو راپۆرتانە راست نین و درۆن”.

وتیشی، هیچ فەرمانێکی کشانەوە دەرنەچووە، هێزەکانیش لە شوێنی خۆیان ئامادەن، ئەرکە ئەمنییەکانیان بە شێوەیەکی ئاسایی و بە ئاستێکی بەرزی هەماهەنگی ئەنجام دەدەن”.

لە درێژەدا ئاماژەی بەوەش کردووە، “دەسەڵاتدارانی ئەمنی داوا لە دەزگاکانی راگەیاندن و بەکارهێنەرانی سۆشیال میدیا دەکەن لە بڵاوکردنەوەی هەواڵەکانیان ورد بن، پشت بە سەرچاوە فەرمییەکان ببەستن و گوێ بە دەنگۆیەکان نەدەن، کە ئامانجیان تێکدانی دۆخی ئەمنییە”.

ئەو قسانەی سەعد مەعن دوای ئەوە دێت، دوێنێ لە لایەن هێزەکانی ئەمریکا یان ئیسرائیلەوە سێ جار هێرش کرایەسەر بازگەیەکی هێزەکانی حەشدی شەعبی لە قائیم و شەش چەکداریان کوژرا و چواریشیان بریندار بوون.