بەهۆى شەڕەوە وەستابوو
هاتوچۆى بازرگانى لە مەرزى سەیران بەن دەستیپێکردەوە
964+
وریا فەتاح
دوای ئەوەی بەهۆی گرژییەکانی ئەم دواییەی نێوان ئێران، ئەمریکا و ئیسرائیلەوە داخرابوو، ئەمڕۆ شەممە جارێکی دیکە مەرزی سەیران بەن بەڕووی هاتوچۆی بازرگانیدا کرایەوە.
بەڕێوەبەرایەتیی دەروازەی سەیران بەن بڵاویکردەوە، سەرلەبەیانی ئەمڕۆ شەممە 14.3.2026، هاتوچۆی بازرگانی لە مەرزەکە دەستیپێکردووەتەوە و دەروازەکە بەڕووی بارهەڵگرەکاندا کراوەتەوە.
وەک ئەوەی لە راگەیەندراوەکەدا هاتووە، ئامانج لە دەستپێکردنەوەی جوڵەی بازرگانی، گواستنەوەی کاڵا و شتومەکە بۆ شاری سلێمانی و هەرێمی کوردستان، بۆ ئەوەی رێگری بکرێت لە گرانبوونی نرخی کاڵا و پێداویستییەکان لە بازاڕەکاندا.
لە سەرەتای دروستبوونی ئاڵۆزییەکان و گرژییەکانی ناوچەکەوە، مەرزی سەیران بەن داخرابوو و سەرجەم هاتوچۆیەکی بازرگانی و گەشتیاری تێدا راگیرابوو.