ئێران قبووڵیەتی و عێراق ڕەتی دەکاتەوە

هەرێم لەهەوڵی بەفەرمی ناساندنی حەوت دەروازەی تر دایە لەگەڵ ئێران

میدیازان – پێشەوا محەمەد – سلێمانی

حکومەتی هەرێم هەوڵەکانی چڕ کردووەتەوە بۆ بەفەرمی ناساندنی حەوت دەروازەی دیکە لەگەڵ ئێران کە ئەو وڵاتە رەزامەندی نیشانداوە، بەڵام بە پاساوی نەبوونی مەرجە پێویستییەکان هێشتا عێراق رەزامەندی نەداوە.

“بە فەرمی لە هەرێم حەوت دەروازەی دیکە لەگەڵ ئێران دەکرێتەوە”

عەبدوڵڵا ئاکرەیی، بەڕێوەبەری گشتیی پەیوەندییەکانی هەرێم و ئێران بە میدیازانی راگەیاند، کۆماری ئیسلامی ئێران رەزامەندی لەسەر کرانەوەی حەوت مەرزەکە دەربڕیوە، لە ئێستاشدا هەموو هەوڵەکانمان چڕ کردووەتەوە تاوەکو حکومەتی عێراق رەزامەندی نیشان بدات.

هەرێمی کوردستان دەیەوێت هەریەکە لە مەرزەکانی سەیرانبەن و تەوێڵەو شوشمێ لە هەڵەبجە، کێلێ لە قەزای قەڵادزێی سەر بە ئیدارەی راپەڕین، شێخ سێڵەو پشتە لە ئیدارەی گەرمیان و کێلەشین لە سیدەکان بکاتەوە، بەمەش ژمارەی دەروازەکانی نێوان هەرێم و ئێران بۆ ١٠ دەروازە زیاد دەکات.

میدیازان دەزانێت، هەرێمی کوردستان سێ دەروازەی فەرمیی لەگەڵ ئێراندا هەیە، ئەوانیش پەروێزخان لە گەرمیان، باشماخ لە سلێمانی و حاجی ئۆمەران لە هەولێر، ئاڵوگۆڕی بازرگانی نێوان هەرێم و ئێرانیش لەو سێ دەروازەیە ساڵانە دەگاتە سەرووی چوار ملیار دۆلار.

“پێشتر سێ دەروازەی فەرمیی لەگەڵ ئێراندا هەبووە”

عەبدوڵڵا ئاکرەیی وتیشی “عێراق دەڵێت مەرجەکانیان تێدا نییە، لە نموونەی جادە و ئاوەدانی و هەیکەلییەتی ئیداریی مەرزەکان، بەڵام ئامادەیی پیشانداوە کە مەرجەکان جێبەجێکران ئەوا رەزامەندی لەسەر هەر حەوت مەرزەکە بدات”.