وێستگەی ئەتۆمیی بوشەهر لە ئێران
ئەمریکا و ئیسرائیل خەریکن
پلانێک هەیە هێزی تایبەت دەست بەسەر یۆرانیۆمی پیتێندراوی ئێراندا بگرێت
ئەرسەلان عەبدوڵا
بەپێی راپۆرتێکی ماڵپەڕی “Axios”، ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا و ئیسرائیل خەریکی تاوتوێکردنی پلانێکن بۆ ناردنی هێزی تایبەت بۆ ناو خاکی ئێران، بە مەبەستی دەستبەسەرداگرتنی یەدەگی یۆرانیۆمی پیتێنراو.
بە پێی راپۆرتەکە، کە ئەمڕۆ ماڵپەڕەکە بڵاویکردووەتەوە، خاڵە سەرەکییەکانی پلانەکە بەم جۆرەیە:
· ئامانجی سەرەکی: رێگریکردنە لەوەی ئێران ببێتە خاوەنی چەکی ئەتۆمی، ئێران خاوەنی 450 کیلۆگرام یۆرانیۆمی پیتێنراوە بە رێژەی 60٪، کە دەکرێت لە ماوەی چەند هەفتەیەکدا بگۆڕدرێت بۆ ئاستی پێویست بۆ دروستکردنی بۆمبی ئەتۆمی.
· جۆری ئۆپراسیۆنەکە: بەرپرسانی ئەمریکی جەخت دەکەنەوە کە ئەمە بە واتای داگیرکاریی زەمینی و هێرشی گەورە نایەت (وەک ئەوەی لە فەللوجە ڕوویدا)، بەڵکو تەنیا ئۆپەراسیۆنی خێرا و کاتی دەبێت لەلایەن “هێزە تایبەتەکانەوە” بۆ سەر شوێنە ئەتۆمییەکان.
· بژارەکان: باس لە دوو بژارە دەکرێت؛ یان بردنی یۆرانیۆمەکە بۆ دەرەوەی ئێران، یان ناردنی زانا و پسپۆڕان بۆ ناو دامەزراوەکان بۆ تێکەڵکردن و کەمکردنەوەی خەستیی یۆرانیۆمەکە لە شوێنی خۆیدا.
· دوورگەی خارگ: جگە لە پرسی ئەتۆم، باس لە ئەگەری دەستبەسەرداگرتنی “دوورگەی خارگ” کراوە، کە ناوەندێکی ستراتیژییە و 90٪ی هەناردەی نەوتی خاوی ئێرانی لێوە ئەنجام دەدرێت.
سەرچاوەکە پێی وایە، بەهۆی هێرشەکانی پێشووی ئەمریکا و ئیسرائیل، یەدەگی یۆرانیۆمی ئێران لە ژێر داروپەردووی دامەزراوەکانی ئەسفەهان، نەتەنز و فۆردۆدا ماوەتەوە و بەپێی زانیارییە هەواڵگرییەکان، خودی ئێرانییەکانیش ئێستا ناتوانن دەستیان پێی بگات.
دۆناڵد تڕەمپ سەرۆکی ئەمریکا رایگەیاندووە، رەنگە لە داهاتوودا هێز بنێردرێت، بەڵام تەنیا بۆ “هۆکارێکی زۆر گرنگ”.
ئاماژەی بەوەش کردووە، ئەگەر هێزی زەمینی بنێرن، ئەوا پێشوەختە سوپای ئێران هێندە لاواز دەکرێت کە توانای شەڕی زەمینی نەمێنێت. وتەبێژی کۆشکی سپیش ئەمڕۆ رایگەیاندووە، تڕەمپ هەموو بژارەکانی بە کراوەیی هێشتووەتەوە.