دەستەی راگەیاندن: بەردەوام دەبین

بنكەی سەرەکی کۆمپانیای “کۆڕەک تێلیکۆم” لە کەربەلا داخرا

فەرهاد حەسەن

دەستەی راگەیاندن و پەیوەندییەکانی عێراق بە هاوکاری هێزە ئەمنییەکان بنكەی سەرەکی کۆمپانیای کۆڕەک تێلیکۆمی لە شاری کەربەلا داخست و راشیگەیاند، بەردەوام دەبن لە جێبەجێکردنی بڕیارەکان دژبە کۆمپانیاکە لە هەموو پارێزگاکاندا.

دەستەی راگەیاندن، ئەمڕۆ دووشەممە لە راگەیەندراوێكدا بڵاویكردەوە، نوسینگەی کەربەلای دەستەکەیان بە هەماهەنگی لەگەڵ دەزگای ئاسایشی نیشتمانی و لایەنە هەواڵگرییەکان، بنكەی سەرەکی کۆمپانیای “کۆڕەک تێلیکۆم”یان لەو پارێزگایە داخستوە. ئەم ڕێکارە وەک بەشێک لە جێبەجێکردنی ئەو بڕیارە رێکخراوەیی و یاساییانە دێت کە پێشتر دژ بە کۆمپانیاکە دەرچوبوون.

جەخت دەکاتەوە، کە نوسینگەکانیان لە سەرجەم پارێزگاکان بەردەوام دەبن لە بەدواداچون و چاودێریکردنی جێبەجێکردنی رێنماییەکان، بە مەبەستی دڵنیابونەوە لە پابەندبونی کۆمپانیاکە بە چوارچێوە یاساییەکان و جێبەجێکردنی بڕیارە فەرمییەکان لەسەر ئەرزی واقیع.

کێشەی نێوان كۆمپانیای کۆڕەک تیلیکۆم و دەستەی راگەیاندن و گەیاندنی عێراق کێشەیەکی درێژخایەنە کە لەسەر مەرجەکانی گرێبەست، قەرزی دارایی و کێشەی کارگێڕی سەریهەڵدا و ئەم مانگە گەیشتە قۆناغێکی توند بە بڕیاری راگرتنی تەواوەتی کارەکانی کۆمپانیاکە و دەستبەسەرداگرتنی موڵکەکانی لەلایەن حکومەتی عێراقەوە.

کێشەکانی نێوان کۆڕەک تیلیکۆم و حکومەتی عێراق لەسەر سێ تەوەری سەرەکی دەسوڕێتەوە کە بریتین لە؛ قەرزە کەڵەکەبوەکانی کۆمپانیاکە کە بەهۆی پابەند نەبون بە مەرجەکانی مزایەدەی ساڵی 2007 و سزا داراییەکان گەیشتونەتە نزیکەی 1.5 ملیار دۆلار، لەگەڵ کێشەی “ئەستۆپاکی باج” کە تێیدا بەغدا رەتیدەکاتەوە دانیپێدابنێت بەو پێیەی لەلایەن حکومەتی هەرێمی کوردستانەوە دەرکراوە نەک حکومەتی فیدراڵی.