لە سلێمانییەوە چووەتە هەورامان
بیارە بووەتە خاڵی پەیوەندیکردنی بازرگانی بە رۆژهەڵاتی کوردستانەوە
964+
ئەمەل ناجی – هەورامان
بەهۆی گرژی و ئاڵۆزییەکانی وڵاتی ئێران و رۆژهەڵاتی کوردستانەوە، و پچڕانی هێڵەکانی ئینتەرنێت ئەو هاوڵاتیانەی خزم و کەسوکارییان لە رۆژهەڵاتە یاخود کاری بازرگانیان لەگەڵ ئەو وڵاتەدا هەیە، ناچارن بچنە شوێنێک کە هێڵی مۆبایلی وڵاتی ئێران وەربگرێت، بیارەش لە هەورامان یەکێکە لەو شوێنانەی کە هاوڵاتیان رۆژانە سەردانی دەکەن.
غاندی زاهید، لە سلێمانییەوە هاتووە پەیوەندی بە کەسوکارییەوە بکات و هەواڵی کارە بازرگانیەکانی بزانێت بە 964 ی وت، لە یەکەم رۆژی جەنگەکەوە چوار شوێنی دیکە گەڕاوە بەڵام نەیتوانییوە قسە لەگەڵ رۆژهەڵات بکات، وتیشی “ئەمڕۆ پێیان وتم کە لە بیارە دەتوانی پەیوەندییەکە وەربگریت و ئێستاش سوپاس بۆ خوا توانیم قسەیان لەگەڵ بکەم، هەم هەواڵی کەسوکارمم زانی کە سەلامەتن و هەمیش هەواڵی کارە بازرگانییەکانمم زانی”.
سەبارەت بە بارودۆخی کاری بازرگانیش باسی لەوەکرد، ماوەی ساڵێکە بارودۆخەکە باش نییە و بە تەواوی رووی لە کزی کردووە، ئەم چەند رۆژەش بە تەواوی وەستاوە، دەشڵێت “هەرێمی کوردستان بەدیلی هەیە و دەتوانین لە رێگەی وڵاتانی دراوسێوە ئەو کەموکورتییە پڕ بکەینەوە و لە ئێستاشدا بۆ ماوەیەکی درێژ کێشەیەکی ئەوتۆمان نابێت”.
پێداچوونەوە؛ فەرهاد حەسەن