دیمەنێکی قەزای کەلار لە گەرمیان - وێنە؛ ئەرشیفی 964
دۆخەکە شلۆقە
پاسەوانی سنوور دانیشتوانى گوندێک ئاگادار دەکاتەوە؛ لە سنووری ئێران نزیک نەبنەوە
964+
میلاد جەلال_گەرمیان
بەهۆی دۆخی ئەمنی و ئاڵۆزییەکانەوە، هۆشدارییەک دەدرێتە دانیشتووانی گوندێکی سنووریی گەرمیان و پێیان دەوترێت: “هەرکەسێک لە سنووری ئێران نزیک ببێتەوە، خۆی بەرپرسیارە”.
حەمید عەبدوڵا، ئەنجومەنی گوندی “مەحمود قەجەر” لە سنووری ناحیەی قۆرەتوو بە 964ـی وت، دوێنێ هێزەکانی پاسەوانی سنوور سەردانیان کردوون و پەیامێکی ئێرانیان پێڕاگەیاندوون، کە نابێت بە هیچ شێوەیەک لە سنووری ئەو وڵاتە نزیک ببنەوە.
وەک ئەوەى باسى دەکات، ئاگادارکراونەتەوە کە نابێت بە هیچ جۆرێک ئاژەڵەکانیان لە تەلی سنوورەکە نزیک بکەنەوە. یان دوای تەواوبوونی مانگی رەمەزان، هاوڵاتییان بۆ سەیران و کاتبەسەربردن نابێت بچنە ئەو ناوچە سنوورییانە.
دانیشتووانی گوندەکە ئاگادار کراونەتەوە، هەرکەسێک سەرپێچی بکات و لە سنووری ئێران نزیک ببێتەوە، لە هەر رووداوێکدا خۆی بەرپرسیار دەبێت.
زانیاری زیاتر:
گوندی مەحمود قەجەر، نزیکەی 58 کیلۆمەتر لە قەزای کەلارەوە دوورە و هاوسنوورە لەگەڵ ئێران، لە ئێستادا 22 ماڵ لە گوندەکەدا نیشتەجێن.
پێداچوونەوە: وریا فەتاح