خه‌ڵكی بناری ئاسۆس داوای پردێكی هه‌میشه‌یی ده‌كه‌ن

964+
ژێوار خدر – راپه‌ڕین

ئەمڕۆ شەممە 11.3.2023 دانیشتوانی بناری ئاسۆس، لە گردبوونەوەیەکی ناڕەزایه‌تیدا داوای دروستکردنی پردێکی هەمیشەییان کرد، کە لە رۆژانی رابردوودا ئەو پردە لاوەکییەی  لەلایەن خەڵکی ناوچەکە خۆیانەوە پێتر دروستکرابوو، بەهۆی بارانبارین و بەرزبوونەوەی ئاوی زێی بچووکەوە ئاو بردی.

لە رووی ئیدارییەوە بناری ئاسۆس سەر بە قەزای دوکانە، بەڵام کەوتووه‌تە بەرامبەر قەزای پشدەر و دانیشتووانەکەی بە ناو قەڵادزێدا هاتوچۆ دەکەن، تا ئێستاش پردی پەڕینەوەیان نییە.

پێنج ساڵ لەمەوبەر خەڵکەکە لەسەر ئەرکی خۆیان پردێکی لاوەکیان دروست کرد، بەڵام ساڵانە لە وەرزی زستاندا لافاو دەیبات و دەبێت بچنەوە پردی دەربەندی رانیە و له‌وێ بپەڕنەوە.

عەباس میراودەلی له‌ ئەنجومەنی گوندی کەڵەکان، بە تۆڕی 964ی وت: “داوا لە لایەنی پەیوەندیدار دەکەم پردێکمان بۆ دروست بکەن، چونکە ئەم سنوورە شوێنی کشتوکاڵ و ئاژەڵداری و حەوزی ماسییە، دانیشتووانەکەی بژێوییان لەسەر ئەو سێ پیشەیەیە و ناتوانن بەرهەمەکانیان بگەیەننە بازاڕ، بە تایبەتیش ئێستا بەرەو وەرزی گەرما دەڕۆین و خەڵکی گوندەکە بامیە بەرهەم دەهێنن، کە وەرزی چاندنی بامیەیە و خەڵکەکە رێگه‌یان نییە بچن كاره‌كه‌ بكه‌ن”.

“بەکارهێنانی بەلەم بۆ پەڕینەوە مەترسیدارە و لە ساڵانی رابردوودا چەندان کەسی گوندەکە بەهۆی وەرگەڕانی بەلەمەوە لەو ئاوەدا خنکاون”، عەباس میراودەلی وای وت.

داواشی ئەوەی کرد، هیچ نەبێ بۆ ماوەیەکی کاتی ئێستا کێشەکەیان بۆ چارەسەر بکرێت، دواتریش پردێکی هەمیشەییان بۆ دروست بکەن.

تۆڕی 964 ده‌زانێت، دانیشتووانی 15 گوند رێگه‌یان لەسەر ئەو پردەیە و ئێستا ئاستەنگی هاتوچۆیان بۆ دروست بووە.

پێداچوونه‌وه‌: ئه‌رسه‌لان عه‌بدوڵڵا