بە بەشداریی ئەسپسوارانی ژن و پیاو؛ سێیەمین فێستیڤاڵی ئەسپ سواری لە پیرمام
964+
رێباز یونس- هەولێر
ئێوارەی ئەمڕۆ لە فێرگەی ئەسپ سواریی پیرمام، سێیەمین فێستیڤاڵی ئەسپسواری بە بەشداریی چەندین ئەسپی رەسەنی کوردی لە شار و شارۆچکە جیاوازەکانەوە بەڕێوەچوو.
محەمەد عەباس، خاوەنی فێرگەی ئەسپسواری پیرمام و خاوەنی 20 ئەسپی عەرەبی و کوردی ئاماژەی بەوە کرد، ئەسپی کوردی بەوە لە ئەسپەکانی دیکە جیا دەکرێتەوە کە ئەسپێکی بەدەمارە و خوێنی زیاترە.
لە فێستیڤاڵەکەدا خانمانیش بەشداربوون، یەکێک لە بەشداربووان بەناوی چاریە سەڵاح، کە ساڵ و نیوێکە دەستی بەم وەرزشە کردووە دەڵێت: “بۆ خانمان زەحمەت نییە و هەوڵدانە و تەنها کەمێک تاقەی دەوێت؛ سەرەڕای ئەوەی چەند جارێک لەسەر ئەسپ بەربوومەتەوە و شوێنەوارەکەی بە جەستەمەوە ماوەتەوە، بەڵام هەستێکی زۆر خۆشە”.
ئاینور ئازاد کە ئەسپسوارێکی منداڵە و ماوەی سێ ساڵە باوکی فێری ئەسپسواریی کردووە وتی، مانگێکە ئەسپێکی بەناوی (یەڵدا) کڕیوە، بەڵام بەهۆی خوێندنەوە باوکی رێگەی پێنادات رۆژانە سەردانی بکات و هیواخوازە لە داهاتوودا زیاتر بەردەوام بێت لەسەر ئەم خولیایە.
پێداچوونەوە: پەری ساڵح