درۆنێک و ئاڵاى ئۆکرانیا
ئەوەى میدیاى ئێرانى بڵاوى کردووەتەوە راست نییە
باڵیۆزخانەی ئۆکراینا لە بەغدا: هیچ درۆن و هێزێکمان لە هەرێمی کوردستان جێگیر نەکردووە
وریا فەتاح
باڵیۆزخانەی ئۆکراینا لە بەغدا، بە فەرمی ئەو هەواڵانەی رەتکردەوە کە باس لە ناردنی درۆن و یەکەی سەربازیی ئۆکراینی دەکەن بۆ هەرێمی کوردستان، و دەنگۆکان بە “چەواشەکاریی بەمەبەست” ناودەبات.
باڵیۆزخانەکە لە راگەیەندراوێکدا، لە وەڵامی پرسیاری دەزگاکانی راگەیاندن سەبارەت بە راپۆرتێکی ئاژانسی “تەسنیم”ی ئێرانی کە بە پشتبەستن بە سەرچاوەیەکی ئەمنیی نادیار بڵاوکرابووەوە، رایگەیاند: “ئەم دەنگۆیانە بە تەواوی بێبنەمان و هەڵمەتێکی چەواشەکارانەی بەمەبەستن. ئۆکراینا هیچ فڕۆکەیەکی بێفڕۆکەوان، یەکەی درۆن یان کارمەندی سەربازیی لە هەرێمی کوردستان و هیچ ناوچەیەکی دیکەی عێراق جێگیر نەکردووە.”
لە بەشێکی دیکەی راگەیەندراوەکەدا هاتووە،”ئۆکراینا بە تەواوی رێز لە سەروەری و یەکپارچەیی خاکی کۆماری عێراق دەگرێت، هەروەها پەیوەندی و دۆستایەتیی لەگەڵ حکومەتی فیدراڵی عێراق و حکومەتی هەرێمی کوردستان بە گرنگ و بەنرخ دەزانێت.”
باڵیۆزخانەی ئۆکراینا داوا لە دەزگاکانی ڕاگەیاندن دەکات لە کاتی کارکردندا پرەنسیپەکانی وردبینی و بەرپرسیارێتی پەیڕەو بکەن و خۆیان لە بڵاوکردنەوە و گەورەکردنی دەنگۆی پشتڕاستنەکراوە بەدوور بگرن.