هۆشیارییە

هەولێر؛ لە رۆژی ژینگەی شارەکەدا 7 تابلۆی هۆشیاری لە پارکەکان دانران


وریا فەتاح

ئەمڕۆ یەکشەممە 22-02-2026، بەبۆنەی ساڵیادی “رۆژی ژینگەی هەولێر”، فەرمانگەی ژینگەی شارەکە چەند چالاکییەکی هۆشیاریی ئەنجامدا و تیشکی خستە سەر مەترسییەکانی پاشماوەکان لەسەر خاک.
دڵشاد هیرانی، بەڕێوەبەری ژینگەی هەولێر بە هاوکاری هۆبەی هۆشیاری و راگەیاندن، 7 تابلۆی هۆشیاریی ژینگەییان لە پارکە سەرەکییەکانی شارەکە جێگیرکرد، کە بریتین لە پارکەکانی: (سامی عەبدولڕەحمان، شانەدەر، منارە، کانیاو، هەوار و پێشمەرگە).

ئەم تابلۆیانە لەلایەن هۆبەی گۆڕانی کەشوهەواوە ئامادەکراون و کۆمەڵێک زانیاریی وردیان تێدایە سەبارەت بەو کەلوپەلانەی هاووڵاتییان رۆژانە بەکاری دەهێنن. تابلۆکان رێنمایی و هۆشداری دەدەنە هاووڵاتییان لەبارەی مەترسی فڕێدانی پاشماوەکان و ئەوەیان تێدا روون کراوەتەوە کە هەر ماددەیەک چەندین ساڵ لە ناو خاکدا دەمێنێتەوە و زیان بە ژینگە دەگەیەنێت.

ساڵانە لە 22ـی شوباتدا، لە شاری هەولێر بە چەندین چالاکیی جۆراوجۆر ڕۆژی ژینگەی شارەکە بەڕێوەدەچێت، بە ئامانجی زیادکردنی ڕووبەری سەوزایی و کەمکردنەوەی پیسبوونی ژینگە.