ژنەکان دەگرین
سوپاى عێراق هەڵدەکوتێتە سەر ماڵێکى گەڕەکى نەورۆز
964+
کاروان ساڵح- کەرکوک
سوپای عێراق جارێکی دیکە چوونەتەوە سەر یەکێک لە ماڵەکانی گەڕەکی نەورۆزی کەرکوک و ئۆتۆمبیلە سەربازییەکەیان بردووەتە ناو حەوشەى ماڵەکە، ژن و منداڵانى ماڵەکەش دەستیان کردووە بە گریان.
ئەم بەرى بەیانییە، هێزێکى سوپاى عێراق هەڵیانکوتایە سەر ماڵە کوردێکى گەڕەکى نەورۆزى شارى کەرکوک و داواى چۆڵکردنى ماڵەکە دەکەن، ئەوەش بە بیانوى ئەوەى ئەو ماڵە موڵکى وەزارەتى بەرگرى عێراقە.
دوێنێ شەویش، سوپاکە هەڵیانکوتابووە سەر ماڵێکى دیکەى گەڕەکەکە، بەڵام دواى ئەوەى پارێزگار و لایەنە پەیوەندیدارەکان هاتنەسەرخەت، سوپا کشایەوە، کەچى لە پارشێوەوە گەرانەوە و هەڵیانکوتایە سەر ماڵێکى تر.
فەرهاد کەرکوکى نوێنەرى گەڕەکەکە ئەم بەیانییە قسەى بۆ 964 کرد و وتى،”لەبەیانییەوە نامە و تەلەفون بۆ ئەندامانى کوردى ئەنجومەنى نوێنەران دەنێرم تا بێنە سەرخەت، بەڵام کەس وەڵام ناداتەوە”.
دەشڵێت: ئەوەى سوپاى عێراق دەیکات، هاوشێوەى سوپاى ئیسرائیلە و رەفتارەکەیان بە شێوەیەکى دوژمنکارانەیە.
پێداچوونەوە: وریا فەتاح