راهێنه‌ری فه‌ڕه‌نسا نهێنییه‌كانی كه‌ریم بنزێما ئاشكرا ده‌كات

964+
ئه‌رسه‌لان عه‌بدوڵڵا

دیدیێ دێشامپی راهێنەری هه‌ڵبژارده‌ی فەڕەنسا بێدەنگیی سەبارەت بە كێشه‌ی دوورخستنەوەی کەریم بنزێما لە هه‌ڵبژارده‌كه‌ی له‌ مۆندیال شكاند، بۆ یەکەمجاریش هەندێک نهێنیی ئاشكرا كرد.

دێشامپ لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ رۆژنامەی “لۆ پاریسیان”، وتی: کەریم لە 14ی تشرینی دووه‌می رابردوو پەیوەندیی بە ئێمەوە کرد، دوای ماوەیەک دابڕان له‌گه‌ڵ ریال مه‌درید.

ئاماژەی بەوەش کرد، ئەو بەرنامەیەکی تاکەکەسی له‌ مه‌شقه‌كان پەیڕەو کرد، گەڕانەوەی بۆ مەشقەکانی تیپه‌كه‌ش دواخرا، ئامانجی ئه‌ویش ئەوە بوو، بۆ یاریی به‌رامبه‌ر ئوستڕالیا ئامادەی بکات.

دێشامپ ده‌ڵێت، “کاتێک دووچاری پێكان بوو، پزیشکەکەمان یاوەری کرد بۆ کلینیك بۆ پشکنینی موگناتیسی  MRI، کەریمیش پزیشکەکانی لە مەدرید لە دۆخەکە ئاگادارکردەوە، کاتێکیش دوای نیوەی شەو گەڕایەوە بۆ هۆتێلەکە، راپۆرتەکەی پێشکەش کردم، دەستنیشانکردنی پزیشکەکەمان لەگەڵ پزیشکانی مەدرید وه‌ك یه‌ك بوون و لە باشترین حاڵەتدا نەدەکرا پێش 10ی کانوونی دووەم بگەڕێتەوە بۆ مەشق و راهێنانەکان”.

کەریم بڕیاری دا بڕوات

دێشامپ روونیکردەوە داوای لە بنزێما کردبوو پەلە نەکات لە هیچ بڕیارێک و ده‌ڵێت “بۆ ماوەی 20 خولەک لەگەڵیدا ماینەوە، داوام لێکرد بۆ بابەتەکە لەگەڵ بەڕێوەبەری هەڵبژاردەكه‌ هاوئاهه‌نگی بکات، بەڵام کاتێک لە خەو هەڵسام زانیم کەریم رۆیشتووه‌”.

هه‌روه‌ها وتی، “ئه‌وه‌ بڕیاری خۆی بوو، منیش تێگەیشتم و رێزم لە هەڵوێستەکەی گرت، دڵنیام ئه‌ویش هه‌مان قسه‌ی هه‌یه‌”.

راهێنەرە فەڕەنسییەکە ره‌تیكرده‌وه‌ هیچ كه‌سێك به‌ رۆیشتنی كه‌ریم له‌ هه‌ڵبژارده‌كه‌ی دڵخۆش بووبێت و ده‌ڵێت، “نازانم كێ بانگه‌شه‌ بۆ ئه‌و قسانه‌ ده‌كات”.
دێشامپ هه‌روه‌ها دووپاتیكرده‌وه‌ بنزێما بۆ یاریی به‌رامبه‌ر مه‌غریب ئاماده‌یی نه‌بووه‌ و خۆیشی ره‌تیكرده‌وه‌ به‌شداریی بكات.

لە کۆتایی قسەکانیدا بۆ رۆژنامه‌ فه‌ڕه‌نسییه‌كه‌، دیشامپ پەیوەندیی بەردەوامی خۆی لەگەڵ بنزیما دووپاتده‌كاته‌وه‌ و ده‌ڵێت، دوای مۆندیالیش به‌ دوورودرێژی قسه‌یان كردووه‌ “گفتوگۆیەکی دوورودرێژمان کرد، به‌ڵام ئەو پابەند بوو بە بڕیاری وازهێنان لە یاریی نێوده‌وڵه‌تی بەبێ ئەوەی هۆکارەکانی بخاتەڕوو”.

هه‌ڵبژارده‌ی فه‌ڕه‌نسا له‌ مۆندیالی 2022ی قه‌ته‌ڕ، له‌ یاریی كۆتایی به‌ هه‌َڵبژارده‌ی ئه‌رجه‌نتین دۆڕا.