دیمەنی یەکێک لە بازاڕەکانی هەرێمی کوردستان _ وێنە: 964
داوای سەندیکای رۆژنامەنووسانە
“لە مانگی رەمەزاندا شکۆی بەها کۆمەڵایەتییەکان بپارێزن”
964+
ئەحمەد مستەفا
سەندیکای رۆژنامەنووسانی کوردستان بانگەوازێکی ئاڕاستەی میدیاکان کردووە و داوای کردووە، لە کاتی داڕشتنی بەرنامەکانیاندا بۆ مانگی رەمەزان، پابەندی پرەنسیپە پیشەییەکان بن و رەچاوی شکۆمەندیی مرۆڤ و بەها کۆمەڵایەتییەکان بکەن.
ئەمڕۆ چوارشەممە، سەندیکای رۆژنامەنووسانی کوردستان لە راگەیاندراوەکەیدا وێڕای پیرۆزبایی لە موسڵمانان، داوای لە دەزگاکانی راگەیاندن کردووە لە کاتی داڕشتنی بەرنامەکانیاندا بۆ مانگی رەمەزان، پابەندی پرەنسیپە پیشەییەکان بن و رەچاوی شکۆمەندیی مرۆڤ و بەها کۆمەڵایەتییەکان بکەن.
سەبارەت بە بەرنامە خێرخوازییەکان، سەندیکا دەڵێ، پێویستە بەرنامەکانی هاوکاریی خێرخوازی لە چوارچێوەی یاسایی و پرەنسیپە پیشەییەکاندا بن.
دەشڵێ، ئەزموونی ساڵانی رابردوو پێشانی داوە لە هەندێک بەرنامەدا شکۆی مرۆڤ و بەها ئینسانییەکان شکێنراون، هەر بۆیە ئەگەر ئەمساڵ پێشێلکاری دووبارە ببێتەوە، سەندیکا ناچار دەبێت لە رێگەی داواکاری گشتییەوە رێکاری یاسایی بگرێتەبەر.
سەندیکای رۆژنامەنووسانی کوردستان داوای لە میدیاکاران و دەزگاکانی راگەیاندن کردووە کە پابەندی “بەڵێننامەی شەرەفی ڕۆژنامەنووسی” بن و لەپێناو بەرژەوەندیی گشتیدا کار بکەن.