رەتى دەکەنەوە

کەسوکارى بێسەروشوێنانى لیبیا: باوەڕ ناکەین کوڕەکانمان لە ژیاندا نەمابن

وریا فەتاح

دوای ئەوەی دوێنێ چالاکوانێکی بواری پەنابەران هەواڵی خنکانی 18 گەنجی سنووری ئیدارەى راپەڕینی لە نێوان لیبیا و ئیتاڵیا بڵاوکردەوە، کەسوکاری ئەو گەنجانە هەواڵەکە ڕەتدەکەنەوە.

دوێنێ، رەنج پشدەری، چالاکوانی پەنابەران هەواڵی خنکانی 18 گەنجی ئەو سنوورەی لە نێوان لیبیا و ئیتاڵیا راگەیاند، بەڵام ئیسماعیل محەمەد، کە باوکی یەکێک لەو گەنجانەیە بە دڵشکاوییەوە دەڵێت: “ناتوانین باوەڕ بەوە بکەین کوڕەکانمان لە ژیاندا نەماون.”

وتیشى،”لە دوێنێوە خەڵک تەلەفۆن دەکەن و دەپرسن پرسەتان لە کوێیە، بەڵام ئێمە ناتوانین باوەڕ بکەین کوڕەکانمان خنکابن”.

وەک باسى دەکات، بە رەنج پشدەریان وتووە کە هەواڵەکە بڵاونەکاتەوە، چونکە بەڵگەی یەکلاییکەرەوە نییە، پێمانوایە ئەوان لە زینداندان.

باوکى ئەو گەنجە بێ سۆراغە، داوا لە حکومەت هەرێم و ناوەند دەکات، سۆراغى کوڕەکانیان بکات، وەک دەڵێت: هەرکات بەڵگەی تەواوهەبوو کە نەماون، ئەوکات دەڵێین سوپاس بۆ تۆ خوایە.

بەوتەى ئیسماعیل محەمەد، کە 6.9.2026 قسەى بۆ 964 قسەى کردبوو، وتبووى،”کوڕەکەم لەگەڵ 10 گەنجى دیکەى سنوورەکە، لە 13ـى تەمووزى ئەمساڵ هەرێمى کوردستانیان جێهێشت و دواین جار کە پەیوەندی پێوە کردین یەک مانگ و یەک رۆژ لەمەوبەر بوو، ئیتر لەو رۆژەوە نە دەنگى ماوە نە رەنگ”.

لە دواین پەیوەندیدا کوڕەکەى پێى وتووە،”باوکە برسیمانە و دۆخمان زۆر خراپە، قاچاخچییەکان درۆیان لەگەڵ کردوین و ئەوەى پێیان وتووین هیچى وانەبوو”.