"قەییوم نەمێنێت و پێناسەی تیرۆریش بگۆڕدرێت"
دوای 21 كۆبوونەوە کۆمسیۆنی پەرلەمانی توركیا راپۆرتی کۆتایی پەسەندکرد
964+
فەرهاد حەسەن
کۆمیسیۆنی پەرلەمانی توركیا، کە بۆ چارەسەری پرسی کورد پێكهێندراوە، ئەمڕۆ لە 21هەمین و کۆتا کۆبونەوەی خۆیدا راپۆرتی کۆتایی خۆی پەسەندکرد و سەرۆكی پەرلەمانیش جەختدەكاتەوە كە ئەو بەرپرسیارێتییە مێژوییەی کەوتوەتە ئەستۆیان جێبەجێی دەکەن.
کۆمیسیۆنەكە بەناوی “یەکڕیزیی نیشتمانی، برایەتی و دیموکراسی”یە، كە لەلایەن پەرلەمانی توركیاوە بۆ چارەسەری كێشەی كورد دروستكراوە، ئەمڕۆ چوارشەممە ڕاپۆرتی كۆتایی بە 42 دەنگی بەڵێ و 2 دەنگی نەخێر و 1 دەنگی بێلایەن پەسەندکرا.
بەپێی ئەو وردەكاریانەی كە میدیاكانی توركیا لەلایەك و میدیاكانی نزیك لە پەكەكە لەلایەكی دیكەوە بڵاویانكردووەتەوە راپۆرتەكە لە 60 لاپەڕە پێكدێت و ناوەڕۆكەكەی بریتیە لە:
– داوا دەکرێت یاساکانی جێبەجێکردنی سزا بەپێی بڕیارەکانی دادگای مافی مرۆڤی ئەوروپا و دادگای دەستوریی باڵا پێداچونەوەیان بۆ بکرێت.
– بۆ زیندانییە نەخۆش و بەساڵاچوەکان، پێشنیازی “دواخستنی جێبەجێکردنی سزا” دەکرێت.
– داوای کۆتاییهێنان بە سیستمی قەییوم دەکرێت. ئەگەر سەرۆک شارەوانییەک لە کارەکەی دوورخرایەوە، دەبێت ئەنجومەنی شارەوانی کەسێکی دیکە لە شوێنی هەڵبژێرێت.
– پێشنیاز كراوە “پێناسەی تیرۆر” بگۆڕدرێت، و ئەو چالاکییانەی توندوتیژییان تێدا نییە (وەکو ئازادیی رادەربڕین)، وەکو تاوانی تیرۆر هەژمارنەکرێن.
– پێشنیاز كراوە دوای دڵنیابونەوە لە دانانی چەک، یاسایەکی تایبەت و سەربەخۆ بۆ ئەم قۆناخە دەربکرێت.
بە كورتی، لە بەشی یەکەمی ڕاپۆرتەکەدا، کارەکانی کۆمیسیۆن باسکراوە و بەشی دووەم، ئامانجە سەرەکییەکانی کۆمیسیۆن و گفتوگۆکانی نێو کۆمیسیۆن دەخاتە ڕوو.
لەبەشی سێیەم، مێژوو و یاسای خوشک و برایەتی کورد یو تورک دەخاتە ڕوو، بەشی چوارەم لێدوان و هەڵسەنگاندنی ئەو کەسانە دەخرێتە ڕوو کە لە ناو کۆمیسیۆن گوێیان لێ گیراوە و بەشی پێنجەم باس لە کۆتایهێنان بە کار و چالاکییەکان لەژێر ناوی پەکەکە و پڕۆسەی بێدەنگکردنی چەکەکان دەکات، بەشی شەشەم پێشنیازەکانی هەمووارکردنەوەی یاسایی پەیوەست بە پڕۆسەکە و بەشی حەوتەم پێشنیازەکانی پەیوەست بە دیموکراتیکبوون لەخۆدەگرێت، هەروەها ڕاپۆرتەکە بە بەشی دەرەنجام و هەڵسەنگاندن کۆتایی دێت.
لایخۆشیەوە، هەر ئەمڕۆ نوعمان کورتوڵموش، سەرۆکی پەرلەمانی تورکیا رایگەیاند بوو، وەکو پەرلەمان، ئەو بەرپرسیارێتییە مێژووییەی کەوتوەتە ئەستۆیان جێبەجێی دەکەن. دوای ئەوە، ئەوەی پێویست بێت لە چوارچێوەی پەرلەماندا جێبەجێ دەکرێت.