دیمەنی ژمارەیەک حاجی کوردستان لە سعودیە - فۆتۆ: ئەرشیفی حەج و عومرەی كوردستان
بەهۆی شەڕی ئێران و ئێسرائیل نەیانتوانی بە فڕۆکە بگەڕێنەوە
ئەو حاجیانەی پارساڵ لە سعودیە گیریانخوارد بە 80 هەزار دینار قەرەبوو دەکرێنەوە
964+
شۆڕش قادری
ئەو حاجیانەی ساڵی رابردوو بەهۆی شەڕی نێوان ئێران و ئێسرائیل نەیانتوانی بە فڕۆکە بگەڕێنەوە، بە 80 هەزار دینار قەرەبوو دەکرێنەوە.
مانگی 6ـی ساڵی رابردوو و لەکاتی شەڕی نێوان ئێران و ئیسرائیل، بەهۆی راگرتنی گەشتە ئاسمانییەکانی ناوچەکە، ژمارەیەک حاجی كوردستان و عێراق لە سعودیە گیریانخوارد و نەیانتوانی بە فڕۆکە بگەڕێنەوە و ناچار بە پاس هاتنەوە.
کاروان ستونی وتەبێژی بەڕێوەبەرایەتی حەج و عومرەی کوردستان بە 964ـی وت، “دوای ئەو رووداوە لیژنەیەک لە دەستەی باڵای حەج و عومرەی عێراقی پێکهات و خەمڵاندنیان بۆ ئەو بڕە پارەیە کرد کە حاجیان بۆ کڕینی تیکتی فڕۆکە خەرجیان کردبوو، دواتر بڕیاری قەرەبووکردنەوەی دا و لەئێستاشدا لیژنەیەک لە بەڕێوەبەرایەتی گشتی حەج و عومرەی کوردستان سەردانی بەڕێوەبەرایەتی شار و ئیدارە سەربەخۆکانی کوردستان دەکات و بڕە پارەکەیان پێدەداتەوە”.
“هەر حاجییەک 80 هەزار دینار وەردەگرێتەوە و ژمارەی حاجییەکانیش لە هەموو عێراق و کوردستان نزیکەی سێ هەزار و 400 حاجین”، کاروان ستونی وای وت.
ئاماژەی بەوەشکرد، پڕۆسەکە لە دوێنێوە دەستیپێکردووە و بڕیارە تا هەفتەی داهاتوو هەموو ئەو حاجیانە قەرەبووەکەیان وەربگرنەوە.
کاروان ستونی دەشڵێت، کەسەکە دەبێ خۆی بچێت بڕە پارەکە وەربگرێتەوە یان ئەو کەسەی لەبری ئەو دەچێت، دەبێت بەڵگەنامەی فەرمی پێبێت.