"مانگانە تەنیا 10 هەزار دینار دەچێت"
شەحنکردنەوەی ئۆتۆمبێلی کارەبایی لە کاتی بروسکە و باراندا مەترسی نییە
964+
عەبدولعەزیز خالند – هەولێر
بەشێک لە خاوەن ئۆتۆمبێلە کارەباییەکان لە ترسی هەورەبروسکە و باران، یان بەرز و نزمی تەزوی کارەبا و زۆریی تێچوەکەی، ناوێرن ئۆتۆمبێلەکانیان لە ماڵەوە شەحن بکەنەوە، بەڵام ئەندازیارێکی کارەبا دەڵێت: ترسەکانتان بڕەوێننەوە و تێچوەکەشی زۆر کەمە.
ئاسۆ زەینەڵ، ئەندازیاری کارەبا بە 964ـی وت، لە کاتی هەورەبروسکە و بارانباریندا هیچ ترسێک لەسەر شەحنکردنەوەی ئۆتۆمبێلی کارەبایی نییە و پرۆسەکە سەلامەتە.
ئەو ئەندازیارە ئاماژەی بەوەشکرد، ئەوەی پێویستە بکرێت دانانی “سیستمی پارێزەرە” بۆ رێگریکردن لە بەرز و نزمی تەزوی کارەبا، چونکە ڤۆڵتیەی بەرز و نزم کاریگەری راستەوخۆی لەسەر عەقڵی ئۆتۆمبێلەکە دەبێت و پێویستە رێگری لێبکرێت.
سەبارەت بە تێچوی شەحنکردنەوەش لەسەر کارەبای ماڵان، ئاسۆ زەینەڵ بۆ 964ـی رونکردەوە، ئەگەر کارەبای 24 کاتژمێری هەبێت، تێچوی فول شەحنکردنەوەی ئۆتۆمبێلێکی کارەبایی لە مانگێکدا لە 10 هەزار و 500 دینار تێپەڕ ناکات.
پێداچوونەوە: وریا فەتاح