دیمەنێک لە ناوبازاڕى رانیە... وێنە: هاتوچۆى راپەڕین
67%ـی پسوڵەکان لەژێر 100,000 دیناردان
لە رانیە 26 ماڵ لەسەروو 1 ملیۆن دینار کرێى کارەبایان بۆ هاتووەتەوە
964+
وریا فەتاح
بەڕێوەبەرایەتی گشتیی کارەبای ڕاپەڕین ڕوونکردنەوە لەسەر پسوڵەی نوێی کارەبای سەنتەری ڕانیە دەدات و دەڵێت، زۆرینەی هاوبەشان بڕی پارەکەیان لە نێوان 1,000 بۆ 100,000 دیناردایە.
دوای ئەوەی لە مانگی 11ـی 2025ـەوە سەنتەری قەزای ڕانیە کەوتە ناو پڕۆژەی (ڕووناكی) و بووە خاوەن کارەبای 24 کاتژمێری، لەگەڵ دەرچوونی دووەم پسوڵەی پڕۆژەکە، ژمارەیەک هاوبەش گلەیی ئەوەیان هەبوو کە بڕی پارەیەکی زۆریان بۆ هاتووەتەوە.
بەپێی ئەو داتایانەی بەڕێوەبەرایەتی فرۆشتنی وزە لە کارەبای ڕاپەڕین بڵاویکردووەتەوە، دابەشبوونی بڕی پارەی پسوڵەکان بۆ دوو مانگی رابردوو (12ـی 2025 و 1ـی 2026) بەم شێوەیەیە:
بڕی 1,000 بۆ 100,000 دینار: رێژەی 67.44%ـی هاوبەشان دەگرێتەوە.
بڕی 100,000 بۆ 500,000 دینار: رێژەی 31.23%ـی هاوبەشان.
بڕی 500,000 بۆ 1,000,000 دینار: رێژەی 1.46%ـی هاوبەشان.
سەروو 1,000,000 دینار: تەنیا 0.10%ـی هاوبەشانن (تەنیا 26 ماڵ).
بۆچی پارەکە زیادیکردووە؟
بەڕێوەبەرایەتییەکە ئاماژە بەوە دەکات، ئەم پسوڵەیە هی دوو مانگی لوتکەی سەرما بووە (کانونی یەکەم و کانونی دووەم)، کە تێیدا زۆرترین ئامێری کارەبایی وەک گیزەر، سپلیت و هیتەر بەکارهێنراون، کە ئەمانەش وزەیەکی زۆر ڕادەکێشن.
بەڕێوەبەرایەتی گشتی کارەبای راپەڕین داوا لە هاوڵاتیان دەکات، هەر کەسێک گومان یان تێبینییەکی لەسەر بڕی پارەی پسوڵەکەی هەیە، دەتوانێت سەردانی بەڕێوەبەرایەتییەکە بکات بۆ وەرگرتنی روونکردنەوە و شیکردنەوەی پێویست.