بەغدا 450 قوتابخانە بۆ هەرێمی کوردستان دروست دەکات

964+

هاوبەش ئەبوبەکر

حکومەتی عێراق بە هاوکاری وڵاتی چین، 450 قوتابخانە بۆ هەرێمی کوردستان دروست دەکات و تەواوی پێداویستییەکانیشیان بۆ دابین دەکات.

سۆران عومەر، ئەندامی پەرلەمانی عێراق ئەمڕۆ پێنجشەممە لە فەیسبووکی خۆی رایگەیاندووە، لە کۆی سێ هەزار قوتابخانە کە بەشێکیان لە رێککەوتنی نێوان عێراق و چین بڕیاری لەسەردراوە، 450 قوتابخانە لە هەرێمی کوردستان دروستدەکرێن.

بۆ هەر پارێزگایەک 150 قوتابخانە دروست دەکرێت

بۆ هەر یەکێک لە پارێزگاکانی سلێمانی، هەولێر و دهۆک 150 قوتابخانە بە تەواوی پێداویستییەکانەوە دروستدەکرێن، سۆران عومەر وا دەڵێت.

بڕیاری دروستکردنی قوتابخانەکان بۆ هەرێمی کوردستان، لە کۆبوونەوەی ئەمڕۆی نێوان لیژنەی ئابووری و پیشەسازی و بازرگانی و شاندێکی وەزارەتی نیشتەجێکردن، دراوە، کە سۆران عومەریش ئامادەی بوو.

بڕیارە 15.5.2023 سەرۆک وەزیرانی عێراق دەستپێکردنی 3000 قوتابخانەکە رابگەیەنێت

سۆران عومەر زیاتر وتی، “بڕیارە 15.5.2023 سەرۆک وەزیرانی عێراق دەستپێکردنی 3000 قوتابخانەکە رابگەیەنێت، بۆ هەر سێ پارێزگاکانی سلێمانی، هەولێر و دهۆک 450 قوتابخەنە دروست دەکرێت، بۆ هەر پارێزگایەک 150 قوتابخانەیە بە تەواوی پێداویستیەکانییەوە،”

قۆناغی یەکەمی پرۆژەکە کۆتایی ئەمساڵ تەواو دەبێت و بۆ هەر قۆناغێک لە قۆناغەکانی دیکە ماوەی دوو ساڵ دیاریی کراوە. بڕیارە لە قۆناغی سێیەمدا چوار هەزار قوتابخانە دروست بکرێت.