رۆژی جیهانیی شێرپەنجەیە و هەڕەشەكان بەردەوامن
“هەوای پاک لە دەرەوەی شارەکانە و با خەڵک هان بدرێن بگەڕێنەوە گوندەکانیان”
+964
ئەمەل ناجی – هەڵەبجە
ژینگەی ئێستای مرۆڤەکان پڕە لە تەنۆلکەی کیمایی، کە رۆژانە بەر مرۆڤ دەکەون و ناتوانین بە رێژەی لە سەداسەد رێگری لە بەرکەوتنیان بکەین، چونکە تەنانەت ئەو هەوایەشی کە هەڵدەمژین بۆ هەناسەدان، بڕێک تەنۆلکەی کیمایی تێدایە، پسپۆرێکی ژینگە رێنمایی دەدات چۆن بتوانین بەرکەوتنمان لەگەڵ ئەو تەنۆلکانە کەمتر بکەینەوە.
دکتۆر کارزان عەبدوڵڵا، پسپۆری بواری ژینگە، لە وەڵامی پرسیاری چۆن خۆمان بپارێزین، بەم شێوەیە وەڵامی داینەوە: “ژینگەی ئێستا لە هەواوە، بۆ خۆڵ و ماددەکانی دیکە تەنۆلکەی کیماییان تێدایە، بەڵام بە دوورکەوتنەوەمان لە قەرەباڵغی ناوشار و دووکەڵی کارگەکان، خواردنی تەندروست و ئۆرگانی دەتوانین رێژەی بەرکەوتنمان بەم ماددە کیمیاییانە کەمتر بکەینەوە، چونکە بەشێکی زۆریان بە شێوەی دووکەڵ لە هەوادا هەن، بۆیە هەتا دەتوانین دەبێت لێی دووربکەوینەوە”.
روونیشیکردەوە:” ئێستا خەڵک زیاتر هەوڵدەدات کە دووربکەوێتەوە، ئەگەر ماڵیشی لە شار بێت، ئەوا هەوڵدەدات ماڵێکیشی لە لادێ هەبێ و لانیکەم لە هەفتەیەکدا رۆژە پشووەکانی لەو ژینگەیەی شار دوورکەوێتەوە و بگەڕێتەوە بۆ ئەو ژینگەیەی لە لادێ، کە پاکترە و کەمتر تەنۆلکەی کیمیایی تێدایە”.
پێداچوونەوە؛ ئەرسەلان عەبدوڵا