چیرۆکى سەرکەوتن
کە پێیان وت تووشى شێرپەنجە بوویت کچە چوار ساڵانەکەى بەخشى
964+
دیلان محەمەدحەزا- سلێمانى
“شێرپەنجە ئەو نەخۆشییە ترسناکە نییە کە باسى دەکرێت، چونکە پڕیەتى لە هیوا و فێرت دەکات هەست بەو خۆشیانە بکەیت کە پێشتر هەستت پێنەکردوون، کاتێک پێیان وتم شێرپەنجەتە، گەڕانەوە ماڵەوە و کچەکەم بەخشى بە خوشکى هاوسەرەکەم و پێم وت دەمرم، تۆ بەخێوى بکە”، ئەمە چیرۆکى بەناز عەلییە، ئەو ژنەى 10 ساڵە لەگەڵ شێرپەنجەى نمرە چوار دەجەنگێن.
بەناز لەبارەى شێرپەنجەوە بە 964ـى وت،”ناتوانم پێناسەى بکەم، سەرەتا زۆر قورسە کە تووشت دەبێت، بەتایبەت وەرینى قژ، بەڵام دواتر لەگەڵى رادێیت و چارەسەر دەبێت بە هیوا”.
وەک ئەوەى بەناز باسى دەکات، ئەو رۆژەى پێى وتراوە شێرپەنجەى نمرە چوارت هەیە و چوار بۆ شەش ساڵ دەژى، گەڕاوەتەوە ماڵەوە و جلە کوردییەکانى بەخشیوە و کچە چوارساڵانەکەشى بەخشیوە بە خوشکى هاوسەرەکەیى و بە هاوسەرەکەشى وتووە، ژن بهێنە.
ئێستا کچەکەى بەناز تەمەنى 14 ساڵانە و بەناز 10 ساڵە لەگەڵ نەخۆشییەکە جەنگاوە و ماوەتەوە، کچەکەشى پێى وتووە،”دەخوێنم تا دەبم بە پزیشک و هەر چارەسەرێک مابێت بۆتى دەکەم”.
ئەو خانمە کە بەهیواوە قسەى بۆ 964 دەکرد، لەبارەى نەخۆشخانەى هیوا وتى،”پڕیەتى لە هیوا و بەخشندەیى، ئەوەى پێویست بێت بۆت دەکەن و لێرە نەخۆش هیوابڕاو نابێت”.
پێداچوونەوە: وریا فەتاح