شارەوانی لە ملیۆنێک دیناری قەرزی ئاو خۆش دەبێت
میدیازان – هێمن بەکر – هەولێر
وەزارەتی شارەوانی دەڵێت، هەر ماڵێک تاوەکو ٢١ی کانونی یەکەم پێوەری ئاو ببەستێت، کرێی ١٦ مانگی رابردووی بە رێژەی سەدا ٧٥ بۆ کەمدەکرێتەوە.
کرێی هەر مانگێک بە ٨٠ هەزار دینار دانرابوو، بەڵام ئەگەر پێوەرەکە ببەستن، ئەوا بۆ ماڵەکانی ناو شار دەبێتە ٢٠ هەزار و بۆ دەرەوەی شاریش دەبێتە ١٠ هەزار دینار.
کۆی گشتی داشکاندنی ئەو ١٦ مانگە بۆ ناوشار ٩٦٠ هەزار دینار و بۆ دەرەوەی شار یەک ملیۆن و ١٢٠ هەزار دینار دەکات.
ئاری ئەحمەد، بەڕێوەبەری ئاوی هەرێمی کوردستان لە وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزار بە میدیازانی وت، تاوەکو ئێستا سەدا ٧٣ بۆ ٧٤ی ماڵەکانی هەرێمی کوردستان پێوەری ئاویان بۆ بەستراوە.
بەڕێوەبەری ئاو هەر لە رێگەی میدیازانەوە داوای کرد، هاوڵاتیان تاوەکو ٢١ی کانونی یەکەم پێوەری ئاوەکانیان ببەستن، بۆ ئەوەی داشکاندنەکە بیانگرێتەوە.
بەگوێرەی وەزارەتی شارەوانی، هوڵاتیانی هەرێمی کوردستان نزیکەی ٣٥٠ ملیار دینار پارەی ئاو قەرزدارن کە کەڵەکەبووی ساڵانی رابردووە و تەنانەت تا ساڵی ٢٠٠٨یشی تێدایە.