سزاکەی لە چوار ملیۆن تاوەکو 50 ملیۆن دینارە
وەزارەتی کارەبا هەڵمەتی بەرەنگاربوونەوەی سەرپێچییەکانی دەستپێکرد
فەرهاد حەسەن
وەزارەتی کارەبا بڵاویکردەوە، هەڵمەتێکی بەرفراوانیان بۆ نەهێشتنی سەرپێچیکردن و راکێشانی کارەبای نایاسایی لە تەواوی هەرێمی کوردستاندا دەستپێکردووە، ئامانجیشیان دڵنیابوونە لە دابینکردنی دادپەروەرانەی کارەبا بۆ هەموو هاوڵاتیان.
بەپێی راگەیەندراوێکی وەزارەتی کارەبا، بەکارهێنانی کارەبا بەبێ ئەوەی هاوبەش ئەژماری کارەبای هەبێت یان نەدانی پارەی پسوولەکان لە کاتی خۆیدا دەبێتە هۆی ئەوەی سەرپێچیکاران پارەی هەموو ئەو پسوولانە بدەن کە نەیانداوە و رووبەڕووی سزای دارایی توند دەبنەوە.
دەشڵێت “راکێشانی هێڵ لە تۆڕی کارەبای گشتی بە نایاسایی یان دەستکاریکردنی پێوەرەکانی کارەبا بە سەرپێچیکردن هەژمار دەکرێت، هەر هاوبەشێکی ماڵان سەرپێچی بکات چوار ملیۆن دینار سزا دەدرێت و سزاکە بەرزتر دەبێتەوە بۆ هاوبەشانی بازرگانی بۆ 50 ملیۆن دینار”.
ئەوەشی روونکردووەتەوە، کە دەبێت ئەو کەسەی سەرپێچی دەکات سەرجەم ئەو بڕە پارەیە بدات کە بە نایاسایی بەکاریهێناوە و رەوانەی دادگاش دەکرێن و لەوانەیە دووچاری پچڕانی هەمیشەیی کارەبا ببنەوە.
وەزارەت ئەوە ئاشکرا دەکات، لە کاتی دابینکردنی کارەبای 24 کاتژمێری، سەرپێچیکردن فشارێکی زۆری خستووەتە سەر تۆڕی کارەبا و کاریگەرییەکی خراپی بەسەر دابەشکردن بە دادپەروەری کردوووە.
بەپێی ئەو رێنماییانەی لە مانگی حوزەیرانی 2025 راگەیەندران، وەزارەتی کارەبا رێوشوێنی توند بەرامبەر هەر ساختەکاریێک لە تۆڕی کارەبادا دەگرێتەبەر.
هەرچەندە پڕۆژەی رووناکی لە بەرەوپێشچوونێکی زۆر باشدایە و کارەبای 24-کاتژمێری بە زیاتر لە 70% هاووڵاتیانی هەرێمی کوردستان گەیاندووە، بەڵام بەکارهێنانی نایاسایی و نەدانی پارەی پسوولەکان فشارییان لەسەر تۆڕی کارەبای نیشتیمانی دروستکردووە و کاریگەری ڕاستەوخۆی لەسەر دابینکردنی کارەبا دروستکردووە.