"شوێنی برێک و کلاجیشی هەیە"

پێڵاو بەنرخی ئۆتۆمبێل؛ “160 وەرەقە دەکات”

ئەحمەد شەمزین – هەولێر

دەزانین کە هەندێک جار لەنگە شتی باشی تێدایە، بەڵام نەک ئەوەی کە جوتێک پێڵاو بە 160 وەرەقە بێ و خاوەنەکەشی دەڵێ، لەبەر تەمەن و کۆنیی پێڵاوەکە، ئەوەندە گرانە.

داهات ئیبراهیم پێڵاوفرۆشە لە بازاڕی لەنگەی هەولێر، قسەی بۆ مایکی 964 کردووە و دەڵێت، “ئەم پێلاوە تایبەت بە شۆفێرانی پێشبركێی ئۆتۆمبێلە، داواكاری زۆرە، چەند جارێک موشتەری هەبووە و 300 بۆ 340 دۆلاریان پێداوین”.

“پێڵاوەکە شوێنی برێک و کلاجیشی هەیە، ساڵی 1980 دروستکراوە، نرخەکەشی 16 هەزار دۆلارە، لەبەر تەمەن و کۆنیی، نرخەکەی ئەوەندە بەرزبووەتەوە”، داهات ئیبراهیم وای وت.

ئاشکراشیکرد، خۆی 40 بۆ 50 دۆلاری پێداوە و ئێستاش هەر لە دوکانەکەیدا هەڵیگرتووە و نایهەوێ بیفرۆشێ.

پێڵاوەکە دروستكراوی كۆمپانیایی ئاودی ئەڵمانییە، لە ماڵپەری فرۆشتنی كەلوپەلی پێشبركێی ئۆتۆمبێلی كۆمپانیاکەش، چەندین جۆر پێڵاو هەیە، کە نرخی هەندێکیان دەگاتە 32 هەزار دۆلار.

پێداچوونەوە؛ شۆڕش قادری