سێ رۆژ بەردەوام دەبێت

لە هەریر، برنجی کوردی بە شێوەی دۆڵمە و برنج بە سرکە پێشکەشی خەڵک دەکرێ

ئاکام غەفوور -هەریر

بۆ ماوەی 3 رۆژە، لە هەریر فێستیڤاڵێک بۆ بەرهەمە خۆماڵییەکان بەڕێوە دەچێت کە لە 120 کەپرەوە بەرهەمە جۆراوجۆرەکانی خۆماڵی تێیدا نمایش دەکرێ.

لە نێوان بەرهەمە جیاوازەکاندا، برنجی کوردی بە شێوەیەکی تایبەت سەرنجی سەردانکەران رادەکێشێت، چونکە یەکێک لە بەشداربووان برنجی کوردیی کردووەتە دۆڵمە و هەروەها برنج بە سرکەش بۆ خەڵک ئامادە دەکات و پێشکەشی سەردانکەرانی دەکات.

ناوچەی هەریر بە بەرهەمهێنانی برنج ناسراوە و ئەم فێستیڤاڵەش دەرفەتێکە بۆ ناساندنی بەرهەمە خۆماڵییەکان و پیشاندانی توانای بەرهەمهێنەرانی ناوخۆ.

سالار محەمەد، لە گفتوگۆیەکدا لەگەڵ 964، ئاماژەی بەوە کرد کە بەرهەمی برنجی ئەمساڵ زۆرە و کوالێتییەکەشی جوانە، ئەو هەروەها وتی خواردن بە برنجی کوردی تامێکی تایبەتی هەیە و وتی، هەرچەندە دۆڵمە ناخۆم، بەڵام کاتێک بە برنجی کوردی ئامادەی دەکەن، دەیخۆم.

ئەم چالاکییە لە ماوەی 3 رۆژدا بەردەوام دەبێت و بەشداریی بەرهەمهێنەرانی ناوخۆ دەرفەتێکە بۆ ناساندنی بەرهەمە کوردییەکان بە سەردانکەران.

پێداچوونەوە: ئەحمەد مستەفا