ئینتەرنێتی بێ سانسۆر گەیشتە خۆپێشاندەران
ئیلۆن مەسک ستارلینکی لە ئێران کاراکرد
964+
ژێوار خدر
کۆمپانیای “سپەیس ئێکس” بە فەرمی خزمەتگوزاریی ئینتەرنێتی مانگی دەستکردی “ستارلینک”ی لە ئێران کاراکرد، ئەمەش وەک هەوڵێک بۆ شکاندنی ئەو بایکۆتە گشتییەی ئینتەرنێت کە حکومەتی تاران لەگەڵ پەرەسەندنی خۆپێشاندانەکان سەپاندوویەتی.
بەپێی زانیاری میدیاکانی ئەمریکا، ئەو هاوڵاتییانەی پێشتر ئامێری ستارلینکیان بە قاچاخ گەیاندووەتە ناو وڵاتەکە، ئێستا دەتوانن بەبێ سانسۆر و بۆ ماوەیەکی دیاریکراو بە “بێبەرامبەر” ئینتەرنێت بەکاربهێنن، ئەمەش رێککەوتووە لەگەڵ نۆیەمین رۆژی ساڵی 2026 و بەردەوامیی ناڕەزایەتییەکان.
خۆپێشاندانەکان کە مانگی رابردوو لە بازاڕی گەورەی تارانەوە بەهۆی دابەزینی بەهای تومەن و داڕمانی ئابووری دەستیانپێکرد، ئێستا هەموو 31 پارێزگاکەی ئێرانی گرتووەتەوە و لە زیاتر لە 100 شار ناڕەزایەتی ئەنجام دەدرێت.
بەپێی راپۆرتە میدیاییەکان، تا ئێستا بەهۆی توندوتیژییەکانەوە لانیکەم 45 کەس گیانیان لەدەستداوە، لە چوار رۆژی رابردووشدا حکومەت هێڵەکانی ئینتەرنێتی بەتەواوی بڕیوە و هاتوچۆی داتا گەیشتووەتە “سفر”، ئەمەش وایکردووە ستارلینک وەک تاکە رێگەی پەیوەندیی بێ سانسۆر بۆ گواستنەوەی دەنگی ناڕەزایەتییەکان دەربکەوێت.
حکومەتی ئێران پێشتر ناڕەزایەتیی خۆی گەیاندووەتە رێکخراوە نێودەوڵەتییەکان و هەوڵی تێکدانی شەپۆلەکانی ستارلینکی داوە، بەڵام بەهۆی ئەوەی ئەم مانگە دەستکردانە لە خولگەیەکی نزیکی زەویدان، پچڕاندنی یەکجارییان ئەستەمە.
ئیدارەی ترەمپ لە ئەمریکا بە وردی چاودێری دۆخەکە دەکات و پشتگیری لە ئاسانکارییە تەکنەلۆژییەکان دەکات بۆ گەیاندنی ئینتەرنێت بە ئێرانییەکان. هەرچەندە سپەیس ئێکس بە فەرمی ئامێرەکان نانێرێتە ناو ئێران، بەڵام کاراکردنی خزمەتگوزارییەکە بووەتە “هێڵی رزگاربوون” بۆ چالاکوانان تاوەکو بتوانن لە کاتی بڕانی هێڵەکاندا پێوەندییان بە جیهانەوە هەبێت.