بەفر و باران دەبارێت
کاتی سەروپێ و قازە
بەفر و باران دەگەڕێنەوە و پلەکانی گەرما نزم دەبنەوە
964+
ژێوار خدر
ئەوانەی هێشتا “قاز و سەروپێ”یان نەخواردووە، مژدەیان لێ بێت، چونکە شەپۆلێکی تری باران و بەفر دەستیپێکردووەتەوە و بەفر و بارانێکی چاک بەڕێوەیە، زۆربەی ناوچەکانی هەرێمیش دەگرێتەوە.
بەپێی پێشبینییەکانی بەڕێوەبەرایەتی گشتی کەشناسی و بوومەلەرزەزانی سلێمانی، ئەمڕۆ هەینی ئاسمانی هەرێم دەبێتە هەوری تەواو و بارانبارین لە باکوور و باکووری رۆژئاواوە دەست پێ دەکات، دوای نیوەڕۆش هەموو ناوچەکان دەگرێتەوە و لە هەندێک شوێن دەبێتە لێزمەباران، هەرچی ناوچە شاخاوییە بەرزەکان و سنوورییەکانیشە، جارێکی تر بەفریان لێ دەبارێت و پلەکانی گەرما کەمێک لە دوێنێ نزمتر دەبن.
بۆ سبەی شەممە، کەشەکە ساردتر و “زستانەتر” دەبێت؛ ئاسمان بە گشتی هەور دەبێت و نمەباران و بارانی مامناوەند بە پچڕپچڕی بەردەوامی دەبێت، کەشناسی دەڵێت سبەی پلەکانی گەرما دوو تا پێنج پلە زیاتر دادەبەزن و بارانەکە لە ناوچەکانی رۆژهەڵات و باکووری رۆژهەڵاتی هەرێم زیاتر دەبێت، بۆیە ئەگەر پلانتان هەیە بچنە دەرەوە یان سەردانی ناوچە سنوورییەکان بکەن، ئاگاداری بەفر و سەرما بن.
بەرزترین پلەکانی گەرمای پێشبینیکراو بۆ ئەمرۆ:
هەولێر: 16 پلەی سیلیزی
سلێمانی: 14 پلەی سیلیزی
دهۆک: 14 پلەی سیلیزی
کەرکوک: 17 پلەی سیلیزی
هەڵەبجە : 13 پلەی سیلیزی
گەرمیان: : 19 پلەی سیلیزی
سۆران: 9 پلەی سیلیزی
زاخۆ: 14 پلەی سیلیزی
چەمچەماڵ: 17 پلەی سیلیزی
پیرمام: 13 پلەی سیلیزی
حاجی ئۆمەران: 6 پلەی سیلیزی