داوای بەهاناوەچوونیان دەکرێت
ژیانی 5000 هاوڵاتی ئێزدی لە ئەشرەفییە و شێخ مەقسود لە مەترسیدایە
964+
فەرهاد حەسەن
بەهۆی رووداوەکان و گرژییەکانی ئێستای رۆژئاوای کوردستان کە بەدیاریکراوی ناوچە کوردنشینەکانی گرتووەتەوە ئەنجومەنی ئێزیدیان لە سوریا بانگەوازێکی بڵاوکردووەتەوە و داوای بەهاناوەچوونی نزیکەی هەزار و 200 خێزانی ئێزدە دەکات، کە لە گەڕەکەکانی ئەشرەفییە و شێخ مەقسود دەژین.
گەڕەکەکانی شێخ مەقسوود و ئەشرەفییە لە پارێزگای حەلەب، یەکێک لە سەختترین شەپۆلەکانی ترس و ئاڵۆزیی ئەمنی بەڕێ دەکەن، بەهۆی توندبوونەوەی بۆردومانەکان، هەزاران مەدەنی بە ناچاری ماڵەکانیان جێهێشتووە و بەرەو چارەنووسێکی نادیار رادەکەن، بەپێی زانیارییەکانی روانگەی سووری بۆ مافەکانی مرۆڤ، ژمارەیەکی زۆر لە خێزانەکان لەژێر فشاری تۆپبارانی چڕ و بڵاوەپێکردنی هێزە ئەمنییەکاندا ئاوارە بوون.
ئەنجومەنی ئێزیدیان لە سوریا بانگەوازێکی مرۆیی بەپەلەی بڵاوکردەوە و ئاماژە بەوەدەکات دوای چواردە ساڵ وێرانکاری لە سوریا، سورییەکان هیوایەکی زۆریان بە گۆڕانکاری هەبوو و گەشبین بوون بە ڕووخانی رژێمی پێشوو، بەڵام بەپێچەوانەوە، هەر لە یەکەم رۆژی گواستنەوەی دەسەڵات بۆ بەناو حکومەتی کاتی، بە قووڵی نائومێدکەر بووە.
لە بانگەوازەکەدا هاتووە، ئێستا نیگەرانی گەورە سەبارەت بە دۆخی دانیشتوانی گەڕەکەکانی حەلەب بەتایبەت ئەشرەفیە و شێخ مەقسود پەرەدەستێنێت، لە ماوەی دوو رۆژی رابردوودا ئەم گەڕەکانە تووشی هەڵمەتێکی توندوتیژی سیستماتیک بوونەتەوە و دڕندەیی بەکۆمەڵیان لەبەرامبەردا ئەنجام دەدرێت، کە زیاتر لە پێنج هەزار هاوڵاتیی ئێزیدی سووری کە لەو گەڕەکانەدا نیشتەجێن و هیچ گەرەنتییەکیش بۆ پاراستنیان نییە.
ئەنجوومەنەکە داواکارە دەستبەجێ شەڕی میدیایی و قسە و باسەکانی هاندان و کۆکردنەوە دژی پێکهاتەکانی سووریا رابگرن، ئەمەش رۆڵێکی مەترسیدار دەگێڕێت لە قووڵکردنەوەی دووبەرەکی و چاندنی ناتەبایی و زەمینە بۆ توندوتیژی و تاوانی زیاتر.
لەلایەکی دەکەش فاخر خەڵەف، یەکێک لە رێبەری ئایینی ئێزیدی، بانگەوازێکی بەپەلەی ئاراستەی ئەنجومەنی رۆحانی ئێزیدی لە عێراق و نوێنەرانی ئێزیدی لە پەرلەمانی عێراق و سەرجەم ئۆرگان و رێکخراوە ئێزیدییە ناوخۆیی و نێودەوڵەتییەکان کرد و داوای دەستێوەردانی خێرای کرد بۆ راگرتنی هێرشەکانی سەر گەڕەکەکانی شێخ مەقسوود و ئەشرەفییە لە شاری حەلەبی سوریا.