خۆشەویستى منداڵانـە

 “دادە ساز”ـى منداڵان؛ ئەو مامۆستایەی یوتوبی لە زمانە بێگانەکان سەندەوە و کوردییان فێر دەکات

964+

دیلان محەمەدجەزا- سلێمانى

ساز هێرش، کە لە ناو منداڵاندا بە “دادە سازی” ناسراوە، ئێستا بووەتە یەکێک لە روخسارە هەرە خۆشەویستەکانی ناو شاشەی یوتوب، ئەو بە زمانێکی شیرین و پڕۆگرامێکی کوردیی رەسەن، منداڵانی لە سەیری ڤیدیۆ بیانییەکان دوورخستووەتەوە و فێری بنەماکانی ژیان و زمانی دایکیان دەکات.

دادە ساز، کە مامۆستای سەرەکیی ڤیدیۆکانە، بە 964ـى راگەیاند؛ کاردانەوەی منداڵان بۆ ڤیدیۆکان لە چاوەڕوانی ئەوان زیاتر بووە، کاردانەوەکان زۆر جوانن، کاتێک منداڵان لە شوێنە گشتییەکان دەمبیننەوە، رادەکەن و باوەشم پیا دەکەن، ئەوەی دڵخۆشم دەکات ئەوەیە بەقسەم دەکەن، بەتایبەت کاتێک رێنماییان دەکەم لە خواردنەوە گازییەکان دوور بکەونەوە، دایکان و باوکان دەڵێن تەنیا بە قسەی تۆ وازیان لێ هێناوە.”

ڤیدیۆکانی ئەم چەناڵە تەنیا بۆ کات بەسەربردن نین، ساز دەڵێت: “چونکە بابەتەکە هەستیارە، پێش بڵاوکردنەوەی هەر ڤیدیۆیەک راوێژ بە پسپۆڕانی منداڵان و شارەزایان دەکەین، ئێستا نەک تەنیا منداڵ، گەورەکانیش بینەری پڕۆگرامەکەن.”

یەکێک لە جوانترین دەستکەوتەکانی ئەم پڕۆژەیە، کاریگەرییەتی لەسەر کوردانی تاراوگە، ساز ئاماژەی بەوە کرد کە “جوانترین کۆمێنتەکان هی ئەو دایک و باوکانەیە کە لە دەرەوەی وڵاتن و ڤیدیۆکانی ئێمە وەک سەرچاوەی سەرەکی بەکاردەهێنن بۆ ئەوەی منداڵەکانیان زمانی کوردی لەبیر نەکەن.”

ساز هێرش خۆی دایکە و پێشتر بۆ ماوەی 5 ساڵ مامۆستای باخچەی منداڵان بووە، هەر ئەوەش وایکردووە شارەزای جیهانی ناوەوەی منداڵان بێت.

دلۆڤان محەمەد، خاوەنی بیرۆکەی پڕۆژەکە، بۆ 964 باسی لەوە کرد کە کاتێک بووە بە دایک، هەستی بە بۆشاییەکی گەورە کردووە لە یوتوبی کوردیدا، ئەو دەڵێت: “منداڵەکەم سەیری یوتوبی دەکرد بەڵام چەناڵێکی کوردی نەبوو خزمەت بە زمانەکەی بکات، بۆیە بڕیارمان دا پڕۆگرامێک دروست بکەین بەو زمانە کوردییەی کە رۆژانە لە ماڵەکانماندا بەکاری دەهێنین.”

ئێستا ئەم چەناڵە هاوشێوەی پڕۆگرامە جیهانییەکان، بووەتە پەناگەیەکی ئارام بۆ دایکان و باوکان تاوەکو بە دڵنیاییەوە منداڵەکانیانی لەبەردەم دابنێن.

داڕشتنەوە: وریا فەتاح

چاودێریی زیاتری رەوشی منداڵانی کوردستان دەکرێت

چاودێریی زیاتری رەوشی منداڵانی کوردستان دەکرێت