40 کیلۆمەتر لە قەڵادزێ دوورە

زیاتر لە یەک مەتر بەفر باریوە؛ جارێکى تر رێگاى شێنێ گیرا

964+

وریا فەتاح

هەرچەندە دواى سێ رۆژ، دوێنێ رێگاى گەیشتن بە گوندى شێنێ لە بەفر پاککرایەوە، بەڵام ئەمڕۆ جارێکى تر بەهۆى بارینى بەفرەوە، رێگاى گوندەکە گیرا.

رەوێن هەمزە، گەنجێکى دانیشتووى شێنێیە، بە 964ـى وت،”زیاتر لە یەک مەتر بەفر لە شێنێ باریوە، بەم هۆیەشەوە رێگاى شێنێ گیراوە”.

وەک ئەوەى باسى دەکات، دوێنێ رێگاکە پاککرایەوە، بەڵام بەهۆى بەفربارینى شەوى رابردوو و ئەمڕۆ، جارێکى تر رێگەکە گیرا.

بەوتەى رەوێن، دانیشتوانى گوندى شێنێ تووشى ئاستەنگى بوون، چونکە 40 کیلۆمەتر لە قەڵادزێ دوورە و ئەگەر نەخۆشێک هەبێت، ناتوانن بیگەیەنن بە نەخۆشخانە.

ئاشکراشى کرد، ئەمڕۆ لەلایەن چوار ئۆتۆمبیلى هاوڵاتیانەوە، بەشێک لە رێگەکە پاککراوەتەوە.

“هەرچەندە دوو شۆفڵى حکومەتى لێیە، بەڵام بەهۆى ئەوەى گازیان تێدا نییە، لەکارکەوتوون”، رەوێن واى وت.

ئۆتۆمبێلێک لە ناو بەفردا رزگارکرا

ئۆتۆمبێلێک لە ناو بەفردا رزگارکرا