نوێترین ئه‌نجامه‌كان بزانه‌

تره‌مپ: به‌هۆی شه‌ڕی ئه‌مریكاوه‌ له‌ هه‌ڵبژاردن دۆڕاین

ئه‌رسه‌لان عه‌بدوڵا

دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا دانی بەوەدانا کە شەڕ لەگەڵ ئێران یەکێکە لەو هۆکارانەی بووه‌ هۆی خراپی ئەدای پارتی کۆماری و لەدەستدانی کورسییەکانی هەڵبژاردنی ناوەڕاستی خولی كۆنگرێسی ئه‌مریكا.

رۆژنامەی وۆڵ ستریت جۆرناڵی بەریتانی بڵاویکردەوە، ترەمپ ئەم لێدوانەی لە میانی چاوپێکەوتنێکی تەلەفۆنیدا ئێوارەی سێشەممە داوە، لە وەڵامی پرسیارێک سەبارەت بەوەی ئایا شەڕ لەگەڵ ئێران بەشدار بووە لە لاوازی ئاستی هەڵبژاردنی کۆمارییەکان، ئه‌ویش وتی: ئێران بەشێک بوو لەو کارە.

سه‌رچاوه‌کە ئاماژەی بەوە کردووە، لە کاتێکدا ترەمپ دانی بە کاریگەرییەکانی شەڕەکەدا ناوە لەسەر ئەنجامی هەڵبژاردنەکان، بەڵام جەختی لەوە کردووەتەوە کە پەشیمان نەبووەتەوە لە بڕیارەکەی بۆ دەستپێکردنی ئەو شەڕە لە سەرەتای ئەمساڵدا.

ئەم قسانە لە کاتێکدایە کە شەڕ لەگەڵ ئێران زیاتر لە هەشت مانگە درێژەی کێشاوە و کاردانەوەکانیش بەشدارن لە بەرزبوونەوەی نرخی وزە، ئەمەش ڕەخنەی کەسایەتی و بەرپرسانی کۆمارییەکانی ناو ئیدارەی ئەمریکای لێکەوتووەتەوە و بەشێک لە زیانەکانی ئەو پارتەیان لە هەڵبژاردنەکاندا بۆ ململانێیه‌کان گەڕاندووەتەوە.

ئه‌نجامه‌كان تا ئێستا

بەپێی نوێترین ئەنجامە بەراییەکانی هەڵبژاردنەکانی ئەمریکا، دیموکراتەکان لە هەردوو ئەنجوومەنی پیران و نوێنەراندا لە پێش لیستەکەی ترەمپەوەن.

لە ئەنجوومەنی پیران دیموکراتەکان 53 کورسی و کۆمارییەکان 42 کورسییان بەدەستهێناوە.

لە ئەنجوومەنی نوێنەرانیشدا دیموکراتەکان 220 کورسی و کۆمارییەکان  128 کورسییان هەیە و جیاكردنه‌وه‌ی ده‌نگه‌كانیش به‌رده‌وامه‌.