ئۆتۆمبێل نامێنێت و پیاسەکردن دەستپێدەکات

لە سلێمانی بەشێکی شاڕێی سالم بۆ سەری ساڵ دادەخرێت

دیلان محەمەد – سلێمانی

هاتوچۆی ناو شاری سلێمانی ئامادەکاری دەکات بۆ داخستنی بەشێکی شاڕێی سالم ، ئەویش بەبۆنەی هاتنی سەری ساڵ و دەیانەوێت لە شاڕێیەکە لە جیاتی هاتوچۆی ئۆتۆمبێل، هاوڵاتیان بە پێ هاتۆچۆ و پیاسەی پێدابکەن.

بەهمەن ئەحمەد، بەڕێوەبەری هاتوچۆی ناوشار لە سلێمانی بە 964ـى راگەیاند، لە ئێستاوە دەستیان بە داخستنی کۆڵانە لاوەکییەکانی ئەو شەقامە کردووە، بۆ ئەوەی لە کاتژمێر 4:00ـى ئێوارە رێگاکە بە یەکجاری دابخەن.

پێشتر د.هەڤاڵ ئەبوبەکر پارێزگاری سلێمانی رایگەیاندبوو، بەهۆی ئەو لافاوەی رووبەڕووی چەمچەماڵ و دەوروبەری بووەوە، وەک هاوخەمییەک بۆ هاوڵاتیانی قەزاکە، بۆ سەری ساڵ هیچ ئاهەنگێکی فەرمی لە سلێمانی ساز ناکرێت.

پێداچوونەوە؛ فەرهاد حەسەن