کەس نازانێت چى روودەدات

بازاڕى دینار و دۆلار شڵەژاوە

ئەحمەد محەمەد- سلێمانى

دوای ئەوەی حکومەتی عێراق بڕیاریدا گۆڕانکاری لە نرخی فەرمی خەرجکردنی دۆلاردا بکات، بازاڕەکانی ئاڵوگۆڕی دراو لە هەرێمی کوردستان تووشی شڵەژانێکی گەورە بوون و زۆربەی نووسینگەکان بەهۆی ناجێگیری نرخەکانەوە مامەڵەکانیان ڕاگرتووە.
بەپێی بەدواداچوونەکانی 964 بۆ بازاڕی دۆلارەکەی سلێمانی، لە ئێستادا نرخێکی جێگیر لە بازاڕدا بوونی نییە و هەر نووسینگەیەک و بە نرخێکی جیاواز مامەڵە بە دۆلارەوە دەکات.
کاوە یەحیا، کە یەکێکە لە مامەڵەکارانی دراو لە بازاڕی سلێمانی، بە 964 راگەیاند: “دوێنێ ئێوارە 100 دۆلارم بە 162 هەزار دینار فرۆشتووە، بەڵام ئەم بەیانییە بەهۆی بڕیارەکەی حکومەتەوە نرخی 100 دۆلار نزیک بووەتەوە لە 170 هەزار دینار، بەهۆی ئەم پشێوییەوە ناچارم مامەڵەکانم بەتەواوی رابگرم.”
ئەم مامەڵەکارەی بازاڕی دراو، لەپێناو پاراستنی سەرمایەی هاووڵاتیان، ئامۆژگارییان دەکات کە لە ئێستادا دوور بکەونەوە لە مامەڵەکردن. دەشڵێت: “ئەمڕۆ کەسێک سێ دەفتەر دۆلاری (30 هەزار دۆلار) هێنا بۆ ئەوەی لێی بکڕم، بەڵام لێم نەکڕی و پێم وت پەلە مەکە.”
کاوە یەحیا داوا لە خەڵک دەکات دراوەکانیان بپارێزن تا ئەو کاتەی نرخێکی دیاریکراو لە بازاڕدا جێگیر دەبێت بۆ ئەوەی نەکەونە زەرەرەوە. هەروەها سەرسوڕمانی خۆی لە بڕیارەکەی بەرپرسانی بانکی ناوەندی و حکومەت دەربڕی و وتی: “چاوەڕێم نەدەکرد بڕیارێکی لەم شێوەیە بدرێت، بەڵکو چاوەڕوان بووم نرخەکە داببەزێنرێت.”
ئەم شڵەژانەی بازاڕ دوای ئەوە دێت کە ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق نرخی نوێی دۆلاری بەرامبەر بە دینار پەسەند کرد و بڕیارە لە ئەمڕۆوە بچێتە بواری جێبەجێکردنەوە. بەپێی بڕیارە فەرمییەکە، دابەشبوونی نرخەکە بەم شێوەیەیە:
150 هەزار دینار: نرخی کڕینی 100 دۆلار لەلایەن وەزارەتی داراییەوە.
151 هەزار دینار: نرخی فرۆشتنی 100 دۆلار بە بانکەکان.
152 هەزار دینار: نرخی فەرمی فرۆشتنی 100 دۆلار بە هاووڵاتییان.

پێداچوونەوە: وریا فەتاح