پێشوازی لە ساڵی نوێ دەكرێت
ئەمڕۆ ئێوارە هەولێر دەیكاتە ئاگرباران
964+
ئەرسەلان عەبدوڵا
ئەمڕۆ ئێوارە فێستیڤاڵی هەولێر دواڕۆژی خۆی بەڕێدەكات و بڕیارە یارییە ئاگرینەكان ئاسمانی هەولێر بڕازێنێتەوە، سەرۆكی شارەوانیی هەولێریش دەڵێت، ئامادەكاری بۆ شەوی سەری ساڵ كراوە.
لە 20ی ئەم مانگەوە شەوانە لە دامێنی قەڵا ئاهەنگ و بۆنە و بازاڕێكی خواردن و كاری دەستی و بەرهەمی هونەری كراوەتەوە.
بە دەیان هونەرمەند و بە هەزاران هاوڵاتی بەشدارییان كردووە و تا درەنگانێك بەردەوام دەبێت.
هەروەها هەزاران گەشتیار روویان لە پایتەخت كردووە و سەرەڕای سەرما و باران ئاهەنگەكان نەوەستان و شەوی رابردووش هەردوو هونەرمەند ئەیوب عەلی و بڵند عەبدوڵا گۆرانییان بۆ جەماوەری ئامادەبوو پێشكەش كرد.
سەرۆكی شارەوانیی هەولێر ئەندازیار كارزان عەبدولهادی ئەمڕۆ چوارشەممە 31.12.2025 بە 964ی وت، ئەمشەو لە چەندین شوێنی هەولێر یارییە ئاگرینەكان هەڵدەدرێن و پایتەخت پێشوازی لە ساڵی 2026 دەكات، ئامادەكاری كراوە و پلانی ئەمنی و خزمەتگوزارییش داڕێژراوە.