له ‌سۆران كه‌سوكارى شه‌هیدان به‌ تیروپشك ده‌نێردرێنه‌ حه‌ج

964+

فه‌رهاد حه‌سه‌ن

بۆ ئه‌مساڵ ئیداره‌ى سه‌ربه‌خۆى سۆران ته‌نیا چوار كورسی بۆ كه‌سوكارى شه‌هیدان به‌ركه‌وتووه‌ بۆ بەجێگەیاندنی فه‌ریزه‌ى حه‌ج، به‌ڕێوه‌به‌رێكی شه‌هیدانیش ده‌ڵێت، ناچارین تیروپشک بکەین.‌

پشکی هەرێمی کوردستان بۆ فەریزەی حەجی ئەمساڵ، چوار هەزار و 685 کورسییە، لەم ژمارەیەشدا 100 کورسی بۆ کەسوکاری شەهیدان تەرخان کراوە.

شێخ نیاز راغب، به‌ڕێوه‌به‌رى گشتى حه‌ج و عه‌مره‌ى هه‌رێم ئه‌وه‌ى بۆ 964 ئاشكرا كرد کە 100 كورسیان بۆ كه‌سوكارى شه‌هیدان داناوه‌ و به‌سه‌ر پارێزگا و ئیداره‌ سه‌ربه‌خۆكانیان دابه‌شكردووە.

بۆ کورسی شەهیدان لە ئیدارەی سەربەخۆی سۆران 350 کەس خۆیان تۆمار کردووە، ئەمەش لەکاتێکدایە لەو 100 کورسییە تەنیا چوار کورسییان بەر کەوتووە.

ئه‌شقی مه‌لا، به‌ڕێوه‌به‌رى كاروبارى شه‌هیدان و ئه‌نفالكراوان له‌ به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تى گشتى شه‌هیدان و ئه‌نفالكراوانى ئیداره‌ى سه‌ربه‌خۆى سۆران، به‌ 964ـى راگه‌یاند: له‌به‌رئه‌وه‌ى پشكێكی كه‌م بۆ ئیداره‌كه‌مان دانراوه‌، ناچار به‌ تیروپشك ئه‌و چوار كه‌سه‌ له‌ كه‌سوكارى شه‌هیدانمان ده‌ستنیشانكرد.

زیاتر وتیشی “چوار كه‌سیشمان هی ساڵى پار مابوونه‌وه‌ نه‌چووبوون بۆ حه‌جكردن، واته‌ ده‌بنه‌ هه‌شت كه‌س كه‌ ئه‌مساڵ له‌ ئیداره‌ى سه‌ربه‌خۆى سۆران فه‌ریزه‌ى حه‌ج به‌جێده‌گه‌یه‌نن”.

به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تى گشتى شه‌هیدان و ئه‌نفالكراوانى ئیداره‌ى سه‌ربه‌خۆى سۆران، داوا دەکەن پشکی سۆران لە چوار کورسییەوە بکرێتە 50 کورسی، بەهۆی گەورەیی سنوورەکەیان و زۆری ژمارەی کەسوکاری شەهیدان لەو دەڤەرە.